جۆنی دێپ بۆ بەشداریکردن لەبەشی شەشەمی فیلمی "چەتەکانی کاریبی" 300 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت

هەمەڕەنگ

30/06/2022‌ 393 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان، ڕەنگە جارێکی تر جۆنی دیپی ئەکتەری دیاری ئەمریکیی لەبەشی شەشەمی فیلمی "چەتەکانی كاریبی" بەشداریی بکاتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لەساڵی 2018و بەهۆی تۆمەتباركردنی لەلایەن ئەمبر هیردی هاوسەری پێشووی بەتوندوتیژیی خێزانیی، لەڕۆڵ بینین لەو فیلمەدا بێبەشکرا.

لەوبارەیەوە ڕۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"ی بەریتانی ئاشکرایکرد، پێدەچێت دیپ بەڕۆڵ بینین لەو فیلمەدا ڕازیبێت‌و بەپێی گربەستێکی 300 ملیۆن دۆلاری لەگەڵ کۆمپانیای دیزنی ڕۆڵی کاپتن جاک سپارۆ لەبەشی شەشەمی فیلمەکە بگێڕێت، لەکاتێکدا لەماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا لەپێنج بەشی تری فیلمەکەدا هەمان ڕۆڵی گێڕاوە.

دەوترێت کۆمپانیای دیزنی 301 ملیۆن دۆلاری پێشکەش بەدیپ کردووە بۆ ئەوەی ڕۆڵی جاک سپارۆ لەبەشی شەشەمدا دووبارەبکاتەوە. ڕۆژنامەکە لەزاری سەرچاوەیەکی نزیک لەدیزنی ڕایگەیاندووە، کۆمپانیاکە "بەڕاستی دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ جۆنی دیپ باشتر بکات‌و هیوادارە ئەو ئەکتەرە لێیببورێت‌و بگەڕێتەوە بۆ کارەکتەرە نایابەکەی".

ئەوەش لەکاتێکدایە کە ڕۆژنامەنووسێک لەکاتی دادگاییکردنەکەیدا پرسیاری ئەوەی لەدیپ کردبوو، کە ئەگەربێت‌و دیزنی لەبەرامبەر بەشداریکردن لەبەشێکی نوێی فیلمی چەتەکانی کاریبی 300 ملیۆن دۆلارت بداتێ، ئایا ئامادەی بگەڕێیتەوەو لەگەڵیاندا کاربکەیتەوە، ئەویش لەوەڵامدا وتبووی نەخێر.

و: ئاکۆ ئاڵی