دوای سێ ساڵ ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز کۆبووەوە

کوردستان

30/06/2022‌ 1124 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمڕۆ پێنجشەمە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و سەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز کرد کە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەیە لە دوای هەموارکردنی یاسای نەوت و گاز.

بەپێی راگەیەنراوی ئەنجومەنەکە، لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی داهات و خەرجییەکانی نەوت بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022 کرا.

لە بڕگەیەکی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، داهاتی گشتی بەدەستهاتوو لە هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت خرایەڕوو کە بریتییە لە کۆی گشتی نەوتی بەرهەمهاتوو و هەناردەکراو و بەکارهێنراوی ناوخۆیی و تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوتی فرۆشراو لەو ماوەیەدا.

ئاماژە بەوەشکراوە، دواتر چۆنیەتی خەرجکردنی داهاتی بەدەستهاتوو لەم ماوەیەدا خرایەڕوو کە بۆ دابینکردنی مووچەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ خەرج کراوە، حکوومەتی هەرێم لە داهاتی نەوت پارەی پێویستی بۆ دابینکردنی مووچەی تەواوی شەش مانگی ساڵی 2022ی دابین کردووە، لە کاتێکدا حکوومەت فیدرالی بۆ شەش مانگی ساڵی 2022 دەبووایە ترلیۆنێک و دوو سەد ملیار بنێرێت، بەڵام تەنیا دوو مانگ لەو ماوەیەدا بڕە پارەی ناردووە کە تەنیا 400 ملیار دینارە، بەڵام حکوومەت مووچە هەموو مانگێکی لە داهاتەکانی نەوت و ناوخۆی هەرێم دابین کردووە و هەموو مانگ مووچەی دابەش کردووە.

هەروەها باس لەوە کراوە، پاشان خەرجییەکانی دیکەی حکوومەت تاووتوێ کرا، جگە لە خەرجیی مووچە کە لە داهاتی نەوت دابین کراوە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022 وا بڕیاریشە لە هەفتەی داهاتوو ڕاپۆرتی وردبینی دیلۆیت لەسەر ئەم ئامار و زانیاریی و ژمارانە بۆ ڕای گشتی بخرێتەڕوو.

کۆبوونەوە جەختی کردەوە لەسەر برەودان بە شەفافییەت لەم بوارەدا و هەرێم سەرجەم زانیاریی و ژمارەکانی بۆ حکوومەتی فیدڕاڵیی و تەنانەت ڕای گشتی هەرێم و عێراق و دەرەوەش خستووەتەڕوو و بەردەوامیش دەبێت و دوایین ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی هەرێم و بەغداش تایبەت بە وردبینی داهات و خەرجیی و قەرز و میلاکی وەزیفی لە هەرێم بەڵگەی ئەم ڕاستییەن.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە بریتی بوو لە خستنەڕووی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی تایبەت بە ناکۆکیی نەوت و گاز و ئامادەکارییە یاساییەکانی حکوومەتی هەرێم پشتبەست بە دەستوور بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فشارەکانی حکوومەتی فیدراڵ و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ.

کۆبوونەوەکە جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور کردەوە و دووپاتیشی کردەوە کە؛ شاندی دانوستانکاری هەرێم ئامادەیە سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتۆگۆكردن لە‌سە‌ر كێشە‌كان.

ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز نزیکەى سێ ساڵە هیچ کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام نەداوەو ئەم کۆبوونەیەوەش لەدوای ئەوە دێت کە پەرلەمانی کوردستان ئەندامێکى دیکەى بۆ ئەنجونەکە زیاد کرد کە ئەویش سکرتێری ئەنجومەنى وەزیرانە کە لە ئێستادا ئومێد سەباحە لەپشکى پارتى.

س.هـ