هەموارکردنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێم بەغدا تووڕە دەکات

عیراق

01/07/2022‌ 2226 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سرووشتییەکان لە پەڕلەمانی عێراق رایگەیاندووە کە هەموارکردنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان مەبەست لێی جێبەجێ نەکردن و پابەند نەبوونە بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاساکە، جەختیشی کردۆتەوە کە دوای پێکهێنانی حکومەتی بەغدا، بڕیاری توند لەدژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەردەکرێت.

ئینتیسار جەزائیری ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سرووشتییەکان لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێم وتویەتی: لیژنەکەیان چاوەڕێی کۆتایی هاتنی پشووی یاسادانان و پێکهێنانی حکومەتی نوێی بەغدا دەکات بۆئەوەی بڕیاری توند دژ بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربکرێت و ڕووبەڕووی ئەو ئاڵنگاریانە ببێتەوە کە بەرانبەر بە جێبەجێکردنی یاسای نەوت و غازی فیدراڵی وەستاونەتەوە.

جەزائیری هەروەک وتویەتی: رۆیشتنی بەشێک لە کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان ئەوە پشتراست دەکاتەوە کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دژ بە یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان لەجێبەجێکردندایە و پارێزگاکانی عێراق و فەرمانگە حکوومییەکان لەناویاندا حکومەت ملکەچی دەستوورن.

رۆژی چوارشەممە، پەڕلەمانی کوردستان یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان ژمارە 22ی ساڵی 2007ی هەموار کردەوە، هەرچەندە لەماوەی رابردوودا دادگای فیدراڵی بەبڕیارێک ئەو یاسایە و دۆسیەی نەوت و غازی هەرێمی کوردستانی بەناسایی ناساندبوو، بەوپێیەی لەگەڵ دەستووری فیدراڵییدا نایەتەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی