سوید دڵنیایی دەداتە رۆژئاوای کوردستان

کوردستان

01/07/2022‌ 1342 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نوێنەری خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای كوردستان لە سوید رایدەگەیەنێت، پارتی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە ئاگاداریانکردوونەتەوە کە لەدوای یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی نێوان تورکیا و سوید و فینلاند بۆ بەئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە ئەسکەندەناڤییە لە ناتۆ، هەڵوێستی حکومەتی سوید بەرامبەر بە ڕۆژئاوای كوردستان وەک خۆی دەمێنێتەوە و گۆڕانکاریی بەسەردانایەت.

بەگوێرەی ئاژانسی "نۆرس پرێس"ی نزیک لە ئیدارەی خۆسەر، شیار عەلی نوێنەری خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای كوردستان لە سوید رایگەیاندووە کە دانیشتن و دیدارەکانیان لەگەڵ چەندین لایەنی سیاسیی سویدی بەردەوامە، رۆژی هەینیش لەگەڵ شاندێكی حكومەتی سوید كۆدەبنەوە بۆ تاوتوێكردنی دوایین ڕێكه‌وتنه‌كانیان لەگەڵ توركیا.

لای خۆشییەوە حەسەن محەمەد عەلی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) رۆژی چوارشەممە رایگەیاندبوو کە ئەوان لەگەڵ حکومەتەکانی فینلاند و سوید لەپەیوەندیدان بۆ تێگەیشتن لە واقیعی ڕێککەوتنی ئەم دوایه‌یان لەگەڵ تورکیا.

عەلی لە سه‌ر زاری بەرپرسانی پارتی دەسەڵاتداری سوید گواستوویەتیەیوە کە رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا بە پێی ئارەزووەکانی خۆی سەیری سیاسەتی سوید لە سوریا دەکات.

راشیگەیاندووە کە ئەردۆغان چەندین جار هەوڵیداوە یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و پارتی یەكێتی دیموكرات لە سوریا (پەیەدە) بخاتە نێو لیستی تیرۆری نێودەوڵەتییەوە، ئەمە جگە لەوەی هەوڵیداوە رەزامەندیی نێودەوڵەتی وەربگرێت بۆ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی له ‌ڕۆژئاوای كوردستان، بەڵام بەدەستی نەهێناوە.

ئەو بەرپرسەی رۆژئاوای کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووە کە سوید وڵاتێكه‌ كه‌ میراتێكی مرۆیی هه‌یه‌ و پشتیوانی له‌ مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كات له‌ جیهاندا، هه‌روه‌ها ئاسان نییه‌ ئەو وڵاتە له‌سه‌ر داوای ئه‌ردۆغان واز له‌ هەڵوێستی خۆی بهێنێت، راشیگەیاندووە کە پشتیوانیی سوید ته‌نها بۆ كوردانی سوریا نەبووە، به‌ڵكو پشتیوانی خۆی بۆ خەڵکی ئۆکرانیاش بە هەمان شێوە ده‌ربڕیوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی