وەزیری دەرەوەی فینلاند: یاساکانی وڵاتەکەمان بۆ تورکیا ناگۆڕین

جیهان

01/07/2022‌ 1416 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس

وەزیری دەرەوەی فینلاند ڕایگەیاند، ئەگەر مەرجی پەسەندکردنی ئەندامێتی فینلاند لە ناتۆ لەلایەن تورکیاوە گۆڕانکاری بێت لە یاساکانی ئەواندا، ئەوا ئەو جۆرە ئیمتیازاتانە ڕەتدەكەنەوە و دەڵێت: فینلاند ئەو کەسانە ڕادەستی تورکیا ناکات کە داوای کردووە.


پێکا هاڤیستۆ، وەزیری دەرەوەی فینلاند لەسەر ڕێككەوتنی وڵاتەكەیی و توركیا بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ وتی: من تێدەگەم كورد لە فینلاند و سوید نیگەرانن، بەڵام كاتێك باس لە ڕادەستكردنەوە دەكرێت، دەبێت هۆكاری ئەم كارە تاوانێكی تیرۆریستی بێت كە لە فینلاندیشدا سەلمێنراو بێت، جگە لەوەش فینلاند پابەند بووە بەوەی ئەو كەسانە ڕدەست نەكاتەوە كە چاوەڕێ دەکرێت ئەشكەنجە بدرێن یان سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا بسەپێندرێت.

قسەكانی وەزیری دەرەوەی فینلاند، كە لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بوو خەتیكردەوە، ئەگەر مەرجی پەسەندکردنی ئەندامێتی فینلاند لە ناتۆ لەلایەن تورکیاوە گۆڕانکاری بێت لە یاساکانی وڵاتەكەیدا، بەدووری نازانێت فینلاند ئەو جۆرە ئیمتیازاتانە رەتبکاتەوە.

هەروەها وتیشی: یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی سێ قۆڵی نێوان تورکیا و فینلاند و سوید، هیچ شتێک لەبارەی گۆڕانکاری لە یاساکان یاخود شتێکی لەو جۆرە نەوتراوە، هەموو ئەو شتانەی لەسەری رێککەوتن لەسەر کاغەز نووسراوە، دەتوانرێت بۆچوونی جیاواز دەرببڕدرێت، بەڵام ناتوانرێت ڕێککەوتن لەسەر هیچ شتێک بکرێت جگە لەوەی لە دەقی بەڵگەنامەکەدا هاتووە.

باسی لەوەكرد، فینلاند تەنیا دەتوانێت داواکارییەکانی تورکیا بۆ ڕادەستکردنەوەی ئەو کەسانە قبوڵ بکات کە بە تیرۆریستی دەزانێت "ئەگەر بەڵگەی زۆر بەهێزی هەبێت".

 ئەمڕۆ، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری توركیا بۆ ڕۆژنامەنوسان قسەی کرد و واژۆکردنی یاداشتەکەی بە سەرکەوتن وەسف کرد و وتیشی: دوای ئەو یاداشته‌ سێقۆڵییه‌وه‌، زۆر ئه‌سته‌مه‌ په‌كه‌كه‌ و  گوله‌ن بتوانن له‌ هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ و ئه‌نجامدانی هێرشه‌كانیان به‌رده‌وام بن.

ڕۆژی ٢٨ی حوزەیران، لە مەدریدی پایتەختی ئسپانیا، هەریەك لە توركیا و فینلاندا و سوید بە ئامادەبوونی سەرۆكی ڕێكخراوی ناتۆ كۆبوونەوە و لەو كۆبوونەوەیەدا سوید و فینلاندا زایبوون بە مەرجەكانی توركیا لە بەرامبەر ئەوەی توركیا ڕەزامەندی نیشانبدات لە ئەندامبوونیان لە ناتۆ و ڕێككەوتنی كۆتاییان لەسەر ئەو پرسە ئەنجامدا.

س.س