یه‌كێتى هه‌ڵوێستێكى نوێ نیشانده‌دات

کوردستان

02/07/2022‌ 3749 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌رپرسێكى باڵاى یه‌كێتى هه‌ڵوێستى حزبه‌كه‌ى له‌به‌رامبه‌ر بڕیاره‌كانى دادگاى باڵاى فیدراڵى‌و شكاندنى شكۆى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ئاشكراده‌كات‌و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "وەکو یەکێتی پشتیوانیی هیچ بڕیارێک ناکەین لەشکۆی هەرێم بدات"، ده‌شڵێت:"شەڕو هێرشکردنەسەر دادگای باڵای فیدراڵیش ئەنجامی باشی نابێت".


سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان له‌دیدارێكى ته‌له‌فزیۆنیدا له‌گه‌ڵ میدیاى پارتى ئاماژه‌ى به‌بڕیاره‌كانى دادگاى باڵاى فیدراڵى كردو جه‌ختیكرده‌وه‌، "ئێمە وەکو یەکێتی پشتیوانیی هیچ بڕیارێک ناکەین لەشکۆی هەرێم بدات، به‌ڵام پێویستە لەبری تویتی بێمانا، لەگەڵ بەرپرسانی سەرەکی لەبەغدا کۆببینەوەو کێشەکان بەگفتوگۆ چارەسەربکەین".

زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:"دادگای باڵای فیدراڵی لەلایەن کوردو شیعەو سوننە دامەزراوە، بۆیه‌ شەڕو هێرشکردنەسەر دادگای باڵای فیدراڵیش ئەنجامی باشی نابێت".

سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوێستى یه‌كێتى بۆ گۆڕانكاریی له‌كاندیدى پۆستى سه‌رۆك كۆمار، پیره‌ ته‌ئكیدیكرده‌وه‌، "لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار لەکۆبوونەوەکان بەدیاریکراوی قسەمان نەکردووە، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ لەئاستی باڵادا قسەی لەسەربکرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کاندیدی سەرۆک کۆمار لاى یه‌كێتى هیچ گۆڕانکاریی بەسەرنەهاتووەو ئێمە هەر هەمان کاندیدمان هەیە".

بۆ په‌یوه‌ندیه‌كانى هه‌ولێرو به‌غداش به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ى یه‌كێتى وتى:"ئێمە ویستومانە هەموو بەهاوبەشی گفتوگۆ لەگەڵ عێراقدا بکەین، بەداخەوە وانەکرا، ئێمەو پارتیش دوو هێزی جیاوازین، ناکۆکیمان هەیە، بەڵام لەکاتی پێویستدا بەیەکەوە کۆدەبینەوەو کێشەکانمان باسدەکەین‌و دەگەینە دەرەنجامی باش".

سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌ باسى هه‌ڵبژاردن‌و ناكۆكیه‌كان له‌هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، ئه‌و وتى:"بۆ پرسی هەڵبژاردن لەسەر پرسی (4) بازنە کێشەمان کەمترە، بۆ لیستی ده‌نگده‌رانیش، ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی 2021ی عێراق به‌كاربهێنرێت، بۆ درێژكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنیش ڕازین، هه‌ركه‌سێكیش بیه‌وێت نوێنه‌ری خۆی له‌كۆمسیۆن بگۆڕێت، ده‌توانێت بیگۆڕێت".

ئه‌وه‌شى وت:"پرسی کۆتای پێکهاتەکان تائێستا گفتوگۆی لەسەردەکەین، داوامان نەکردووە کۆتاکان ژمارەیان کەمبکرێتەوە، بەڵام کۆتا دەبێت بۆ پێکهاتەکان بێت نەک پارتی‌و یەکێتی، سەبارەت بەدواکەوتنی وادەی هەڵبژاردنیش، ناكۆكیمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌نییه‌و لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر چ واده‌یه‌ك ڕێكبكه‌ون ئێمە کێشەمان نییە".

ش.هـ