شارپرێس:
دیبلۆماتکاری بەئەزموونی ئەمریکی (هێنری کینسجەر) مەترسیی خۆی پیشاندا لەوەی، ئەگەربێتو کردەوە جەنگییەکانی ڕوسیا لەئۆکرانیا بەردەوامبێت، ئەوە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان بکەونە جەنگێکی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ ڕوسیا.
هێنری کیسنجەری کە لەحەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لەسەردەمی ئیدارەکانی ڕیچارد نیکسۆنو جێڕاڵد فۆرد وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە، لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری "زە سپێکتاتۆر"ی ئەمەریکیدا سێ سیناریۆی گریمانکراوی بۆ کۆتاییهاتنی ململانێی ئۆکرانیا دیاریکردووە.
لەسیناریۆی یەکەمدا کیسنجەر باسی لەوەکردووە، ئەگەر ڕوسیا لەو خاڵە بوەستێت کە تائێستا پێیگەیشتووە، ئەوا 20%ی ئۆکرانیاو بەشێکی زۆری دۆنباس کە هەرێمی سەرەکی پیشەسازییو کشتوکاڵییەو بەشێک لەخاکی ئۆکرانیا لەسەر کەناراوەکانی دەریای ڕەش داگیردەکات، ئەگەر لەوێ بوەستێت، ئەوە سەرکەوتنێک دەبێت بۆی.
هەروەک وتویەتی:"ڕۆڵی ناتۆ (لەحاڵەتێکی وادا) ئەوەندە گرنگ نابێت کە لەڕابردوودا بیری لێ دەکرایەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، سیناریۆی دووەم هەوڵدانی ڕۆژئاواییەکانە بۆ "دەرکردن"ی ڕوسیا لەو خاکانەی کە لەئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیدا دەستی بەسەرداگرتووە، لەنێویاندا هەرێمی کریما.
بەوتەی کیسنجەر، "ئەگەربێتو پڕۆسە سەربازییەکان بەردەوامبن، ئەوە مەترسیی هەیە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان بکەونە جەنگێکی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ ڕوسیا".
دهشڵێت:"سیناریۆی سێیەم ئەوەیە کە دۆخەکە بگهڕێنرێتەوە بۆ پێش 24ی شوبات، واتە پێش دەستپێکردنی هێرشی سەربازیی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم حاڵەتەدا ئۆکرانیا لەلایەن ڕۆژئاواوە پڕچەکدەکرێتەوە، هەروەها پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هاوپەیمانی ناتۆ دەبێت یان لەوانەیە لەداهاتوودا ببێتە ئەندامی هاوپەیمانییەکە.
كیسنجهر ئهوهش دهڵێت، "ئەم سیناریۆیە، شەڕو ململانێی نێوان مۆسکۆو کیێڤ بۆماوەیەکی کاتی ڕادەگرێت".