ئیمارات سیناریۆکانی ئایندەی پرۆسەی سیاسیی عێراق ئاشکرادەکات

عیراق

02/07/2022‌ 8122 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ناوەندی "ترێندز" بۆ لێکۆڵینەوەو ڕاوێژکاریی لەلێکۆڵینەوەیەکی نوێدا سەبارەت بەئایندەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق لەدوای کشانەوەی ڕەوتی سەدر لەپڕۆسەی سیاسیی باسی لەوەکردووە، دیمەنی سیاسیی عێراق لەبەردەم دووڕیانێکدایە، یەکەمیان بریتییە لەهەرەسهێنانی دەوڵەتی عێراق بەهۆی گوشارو توڕەیی جەماوەریی، یاخود مانەوە لەژێر ئەو دەستورو سیستەم‌و یاسایەی ئێستا ئیدارەی ئەو وڵاتەی پێدەکرێت.


لێکۆڵینەوەی ناوەندە ئیماراتییەکە کە لەژێر ناوی "دیمەنی سیاسیی عێراق لەدوای کشانەوەی سەدر.. فرەیی فاکتەرەکان‌و کەمی بژاردەکان" بڵاوکراوەتەوە دەڵێت:"بەیەکگرتوویی مانەوەی دەوڵەتی عێراق پەیوەستە بەپشتیوانی ئەو لایەنە دەرەکییانەی پەیوەندییان بەدۆخی عێراقەوە هەیەو پابەندیی دووسەرەکیان لەگەڵ یەکتردا هەیە بۆئەوەی لەو ڕێگه‌یەوە پارێزگاریی لەیەکێتیی‌و سەقامگیریی‌و مانەوەی سیستەمە دیموکراتییەکەی عێراق بکەن.

لەبەشێکی تری بابەتە شیکارییەکەیدا هاتووە، "لەژێر سایەی ئەم دۆخەدا عێراق لەبەردەم سێ سیناریۆدا دەبێت کە ئەوانیش بریتین لەوەی: یان هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان‌و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، یان پێکهێنانی حکومەتێکی تەوافوق بەڕێککەوتن لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی سەدر، یان پێکهێنانی حکومەتێک لەلایەن پەرلەمانتارە سەربەخۆکانەوە".

ئەوەش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، ڕۆڵی هێزە کاریگەرە کلاسیکییەکانی عێراق پاشەکشەیکردووەو ڕۆڵی تورکیا لەسەر ئاستی مەیدانی‌و سیاسیی هەڵکشاوە، بەشێوەیەک لەداڵانە سیاسییەکاندا باس لەدەرکەوتنی یاریزانی نوێ لەسەر ئاستی گۆڕەپانی عێراق دەکەن، لەناویاندا یەکێتیی ئەوروپا هەرچەندە بوونێکی فراوانی هەیە، بەڵام پارێزگاریی لەهاوسەنگی‌و بێلایەنیی خۆی کردووە، بەپێچەوانەی نەتەوەیەکگرتووەکان‌و بلاسخارتی سەرۆکی نێردەکەی بۆ عێراق کە پشتیوانی گۆرانکاریی‌و وەڵامدانەوەی داواکاریی شەقام دەکات‌و نەیتوانیوە لەناوەڕاستی لایەنەکاندا بوەستێت، هەربۆیە لەلایەن هەموولایەنەکانەوە هێرشی میدیایی دەکرێتەسەر".

لەکۆتاییدا لێکۆڵینەوەکە پێیوایە، هەر حکومەتێکی عێراقیی لەداهاتوودا پێکبهێنرێت ڕووبەڕووی شکستهێنان دەبێتەوە، ئەگەربێت‌و فاکتەرە دەرەکیی‌و ناوخۆییەکان پشتگوێبخات‌و لەبەرچاویان نەگرێت‌و بەسەریاندا باز بدات.