نهێنی نوێی سەبارەت بە رازیی بوونی تورکیا بۆ بەئەندامبوونی سوید و فینلەندا ئاشکرا دەکرێت

جیهان

03/07/2022‌ 2045 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەشێک لە میدیاکان و چاودێرانى سیاسى لە ئەوروپا پێیانوایە کە تاکە سازش کە لەلایەن ئەوروپاییەکان کرابێت بریتییە لە هەڵگرتنی قەدەغەی فرۆشتنی چەک بە تورکیا، بەڵام ئەم سازشە کورتمەودا یان لەباشترین حاڵدا مەودا مامناوەندە

رۆژنامەی "ئێکسپپۆرت رو"ی رووسیی راپۆرتێکی لەسەر شێوەی ئەو مەرجانە بڵاوکردۆتەوە کە تورکیا لەبەرانبەر بە ئەندامبوونی هەریەک لە سوید و فینلەندا  لە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسیدا بەسەر ئەو دوو وڵاتە ئەوروپاییەیدا سەپاندووە، بەشێوەیەک هەرچەندە لە رواڵەندا وادەردەکەوێت کە ئەنکەرە لەو یارییەدا سەرکەوتوو بووە، بەڵام ئەگەر بەوردیی سەرنجی ناوەرۆکی مەرجەکان بدرێت دەردەکەوێت کە بابەتەکە بەشێوەیەکی ترە.

رۆژنامەکە لە بابەتەکەیدا دەڵێت: تورکیا بەرانبەر بە ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ مەرجەکانی خۆی کە بریتی بوون لە هەڵگرتنی قەدەغەی فرۆشتنی چەک بە تورکیا و دەستبەرداربوونی ئەو دوو وڵاتە لە هاوکارییکردنی ڕێکخراوە کوردییەکان و ڕێکخراوی گولەن سەپاندوون، ئەو مەرجانەش بەڕوونی لە دەقی یاداشتنامەکەدا باسیان لێوەکراوە.

ئەوەش هاتووە: لەکاتێکدا سیاسەتمەدارانی رۆژئاوا و دەزگاکانی راگەیاندنی رۆژئاوا پێیان وایە ڕێککەوتنەکە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسیی، لەبەرانبەردا بەشێک لە پسپۆرانی رووس، ئەوانەی لایەنگریی تورکیان دەڵێن ئەنکەرە لەو بابەتەدا نەوەک هەر سەرکەتوو بووە، بەڵکو سووکایەتیی بە رۆژئاواییەکانیش کردووە.

رۆژنامە رووسییە دەڵێت لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بێت و بەوردیی یاداشتەکە بخوێنرێتەوە، ئەوە دەردەکەوێت نەوەک هەر ئەوروپاییەکان سووکایەتییان پێنەکراوە، بەڵکو بەندەکان بەجۆرێک داڕێژراون کە بەو جۆرە نییە کە تورکەکان خواستیان بووە.

راپۆرتەکە دەڵێت: تاکە سازش کە لەلایەن ئەوروپاییەکان کرابێت بریتییە لە هەڵگرتنی قەدەغەی فرۆشتنی چەک بە تورکیا، بەڵام ئەم سازشە کورتمەودا یان لەباشترین حاڵدا مەودا مامناوەندە، لەبەرئەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە سوید و فینلەندای پابەند نەکردووە جارێکی تر قەدەغەی فرۆشتنی چەک بەسەر تورکیادا نەسەپێننەوە، هەروەک چۆن هیچ سزایەکیشی بۆ ئەو دوو وڵاتە دیاری نەکردووە کە ئەگەر هات و سەرپێچی بەندەکانی یاداشتەکەیان کرد.

لەکۆتایی راپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە کە لە بابەتی رازییبوونی تورکیا بۆ بەئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لە هاوپەیمانی ناتۆ دوو ئەگەر هەیە، یان ئەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گوشاری لە ئەردۆغان کردووە بۆئەوەی بەو رێککەوتنە رازیی بێت و بەشێوەیەک لە شێوەکان ئاوی رووی ئەردۆغانیش بپاریزێت، یان ئەوەیە ڕێککەوتنەکە خاڵی باس نەکراوی تێدایە کە سازش بە واشنتۆن کراوە، وەک ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان رازیی بووبێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی