یەکێتى دوا پەیامی خۆی ناردووە.. پارتى بۆ بەدەستهێنانى پۆستى سەرۆک کۆمار گفتوگۆکانى چڕ دەکاتەوە

عیراق

03/07/2022‌ 3531 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارتى دیموکراتى کوردستان گفتوگۆکانى بۆ بەدەستهێنانى پۆستى سەرۆک کۆمار لەگەڵ چوارچێوەى هەماهەنگی چڕ دەکاتەوەو سەرۆکى فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێداگرن لەسەر کاندیدەکەیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، دەبێت گرفتەکان لە ڕێگەی پابەندبوون بە دەستوور و ڕەچاوکردنی ھەر سێ پڕەنسیپی هاوبەشی و رێککەوتن و هاوسەنگییەوە چارەسەر بکرێت و ئەم پڕەنسیپانە لەسەر کاری حکومەتی داھاتوو و ھەموو کوتلە سیاسیەکان ڕەنگبداتەوە.

لەلایەکى دیکەشەوە شێروان دووبەردانی پەڕلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانى عێراق بەمیدیا عێراقییەکانى راگەیاندوە: پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئەمساتەش سوورە لەسەر کاندیدکردنی ڕێبەر ئەحمەد بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار، هەروەک یەکێتییش سوورە لەسەر کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح بۆ هەمان پۆست، ئاشکراشی کردووە کە دانوستان و پەیوەندییەکان بەمەبەستی گەیشتن بە کاندیدێکی پەسەندکراو بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار و سەرۆکی حکومەت دەستیانپێکردووە.

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتى کاندیدی حزبەکەی چانسی زیاترە بۆ وەرگرنتی پۆستی سەرۆک کۆمار، هەرچەندە لەگەڵ یەکێتیی دانوستانەکانیان بەردەوامن بەمەبەستی دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەش.

ناوبراو باسى لەوەشکردوە کە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی جەختی کردۆتەوە کە پێویستە کورد بەیەک کاندید بەشداریی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق بکات.

لەماوەى رابردوودا شارپرێس بڵاویکردەوە کە شاندی پارتى دوور لە چاوی میدیاکان بەسەرۆکایەتى فوئاد حسێن نوێنەری پارتى و بارزانى لە بەغدا گفتوگۆی لەگەڵ چوار چێوەى هەماهەنگی کردوە بۆ بەدەستهێنانى پشتیوانیان بۆ پۆستى سەرۆک کۆمارو پۆستەکانى دیکەى حکومەت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لەو هەوڵە.

بریاریش ئەم هەفتەیە شاندێکى چوارچێوەى هەماهەنگی سەردانى هەرێم بکەن و لەگەڵ مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتی و بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى کۆببنەوە.

هەر پەیوەست بە پۆستى سەرۆک کۆمار، رابیحە محەمەد بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە شاری بەغدا رایگەیاند، حزبەکەى لە چەند رۆژی رابردوو لە شاری بەغدا لە ماڵی مام جەلال یەکێتی و چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی عەزم و بابلیون دوا پەیامی خۆیداوەو  تیایدا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە کە پۆستی سەرۆک کۆماری بۆ یەکێتی دەبێت و تاکە کاندیدی حزبەکەشی"بەرهەم ساڵحـە.

س.هـ