تورکیا هەڕەشەیەکى نوێ لە سوید و فینلەندا دەکات

جیهان

04/07/2022‌ 1571 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، جارێکی تر داواکاریی رادەستکردنی ئەندامانی "پارتی کرێکارانی کوردستان" و "پەیەدە" و "بزووتنەوەی خزمەت" رەوانەی سویدو فینلەندا دەکەنەوە کە بەگوێرەی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی سێقۆڵیی (تورکیا و سوید و فینلەندا)، تورکیا وەک پێشمەرجێک بۆ رازیی بوون بۆ بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆ خستبوویە بەردەمیان.

بەکر بوزداغ وەزیری دادی تورکیا لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تورکیا لەبەرانبەر رازییبوونی بۆ بەئ ەندامبوونی هەریەک لە سوید و فینلەندا لە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسیی (ناتۆ) ژمارەیەک مەرجی خستۆتە بەردەمیان، بەڵام لەماوەی رابردوودا ئەو دوو وڵاتە گوێی خۆیان لەو داواکارییەی تورکیا کەڕ کردبوو، هەربۆیە تورکیا جارێکی تر داواکاریی ڕادەستکردنی تیرۆریستان دەخاتەوە بەردەمیان، ئەوکات دەردەکەوێت کە ئایا ئەوان لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا راستگۆن یان نا؟.

بەوتەی وەزیری دادی تورکیا، جارێکی تر داواکاریی رادەستکردنی 10 ئەندامی پەکەکە و 10 ئەندامی سەر بە ڕێکخراوی گولەنیان داوەتە سوید، بەهەمان شێوە داواکاریی رادەستکردنی 6 ئەندامی پەکەکە و 6 ئەندامی ڕێکخراوی گولەنیان داوەتە فینلەندا .

بە وتەی بوزداغ، ئەگەر بێت و سوید و فینلەندا هەڵوێستیان دژ بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک پەکەکە و بزووتنەوەی خزمەت و پارتی یەکێتیی دیموکرات نەبێت و پشتیوانیی خەباتی تورکیا نەکەن لەوبارەیەوە، ئەوە تورکیا لە دەربڕینی رەزامەندی بۆ بەئەندامبوونیان لە ناتۆ پاشگەز دەبێتەوە.
 ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی
















بەپەلە