هۆکاری دواکەوتنی هێرشی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان ئاشکرا دەکرێت

کوردستان

04/07/2022‌ 3087 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی راپۆرتێکی پێگەی "میدڵ ئێست ئای" بەریتانی، دواکەوتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان پەیوەستە بە ناوەرۆکی دیدارەکەی نێوان رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا و جۆ بایدنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، ئەوە جگە لە هۆشدارییەکانی رووسیا بەوەی تورکیا هەنگاوێکی لەوشێوەیە نەنێت.

پێگە بەریتانییەکە لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت: لەماوەی رابردوودا تورکیا بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت لە دیدارەکەی لەگەڵ بایدن لەکاتی گفتوگۆکردنیان لەسەر چەندین پرس ،  هەوڵی دەدا سوود لە دوو کارتی کاریگەر وەربگرێت، کە یەکێکیان بابەتی فراوانبوونی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسیی (ناتۆ) و ئەوەی تریان ئاماژەکردن بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان، بەڵام لەدوای دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا، ئەردۆغان زمانی هەڕەشەکردنی بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان سووک کردووە.

پێگەکە باسی لەوەکردووە کە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ئەو دوو رێبەرە و دواتریش دیداری نێوانیان لە پەراوێزی لوتکەی ناتۆ لە پایتەختی ئیسپانیا، خواستی ئەردۆغانی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی خێرا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان کەمکردۆتەوە.

ئەوەش هاتووە: رووسیا کە بواری ئاسمانیی باکووری سوریای لەژیر دەستدایە، لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا هۆشداریی داوەتە تورکیا بەوەی هیچ هێرشێکی سەربازیی نوێ لە سوریا ئەنجام نەدات، بەوپێیەی ئەو هەنگاوە سەقامگیریی ناوچەکە تێک دەدات.

هەرچەندە راپۆرتەکە لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری تورکییەوە گواستوویەتییەوە کە گەورە بەرپرسانی رووسیا لەکاتی کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لەناویاندا سێرگی لاڤرۆڤ، سەبارەت بە هێرشی سوپای تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان هیچ هەڵوێستێکی توندی ئەوتۆیان پیشان نەداوە.

سەرچاوەکان باسیان لەوەکردووە کە لاڤرۆڤ خۆی بەدوورگرتووە لەوەی هۆشداریی راستەوخۆ بداتە بەرپرسانی تورکیا، بەڵکو تەنیا هۆشداریی ئاسایی گەیاندۆتە لایەنی تورکی.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی