تاوان ڕووی لە هەڵكشانە و حکومەت و دادگاش یەکتر تۆمەتبار دەکەن

کوردستان

04/07/2022‌ 1914 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لە هەرێمی كوردستان ئێستا وای لێ هاتووە ڕۆژێك تێناپەڕێت ئەگەر كەسێك نەكوژرێت یان شەڕە تەقە و یاخود بە هۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتیەوە دوو بنەماڵەو خێڵ نەچن بە گژی یەكدا.

لە پای ئەو ڕێژە زۆرەی تاوان و لە بەردەم میدیاكاندا وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم بە ئاشكرا یەكێك لە هۆكارەكانی ئەو تاوانانەی گەڕاندوە بۆسیستی دەسەڵاتی دادوەری و دواکەوتنی یەکلابونەوەی کەیسەکان لە دادگا و، ئاماژەی بەوەكرد پێویستە دادگاكان كاراتر بكرێن و لە كاتی خۆیدا كێشەكان یەكلا بكاتەوە بۆ ئەوەی لە ئەنجامی دواخستنی كەیسەكان كارەساتی لێ نەكەوێتەوە،چونکە بەشیک لەو کەیسانەی لە دادگاکانن چەند ساڵیکیان پێدەچێت تا یەکلا دەکرێنەوەو سزای تاوانباران دەدرێت بە پێی یاسا.

 پاریزەرانیش باس لەوەدەكەن دواكەوتنی یەكلاكردنەوەی دۆسیەكان پەیوەندی بە كەمی دادوەرو زۆری ژمارەی دۆسیەكان هەیەو ناتوانریت بە پێی پیویست دادوەرەكان مافی تەواو بدەن بە كەیسەكان، لە كاتیكی كەمدا یەكلای بكەنەوە دەشلین كەمتەرخەمی كەسی سكالاكاریش كە زوو نەچیت بەدەم دۆسیەكەیەوە هۆكاریكی دیكەیە بۆ دواكەوتنی یەكلاكردنەوەی كەیسەكان.

شارپرێس بۆ وەرگرتنی بۆچونی دادگا و دەسەلاتی دادوەری لە بەرامبەر ئەو تۆمەتەی ئاراستەیان دەکرێت بۆ دواکەوتنی یەکلابونەوەی کەیسەکان،لەرێگەی نوسراوی فەرمیەوە داوای لێدوانی لە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی کرد، بەڵام هیچکام لە دادوەران و وتەبێژی دادگا ئامادەنەبوون لێدوان لەو بارەیەوە بدەن.

 ساڵانە لە هەرێمی کوردستان ڕێژەیەکی زۆری ئاماری کوشتن و قەتەکردن و هەڵکوتانە سەر شوێنە گشتیەکان تۆمار دەکرێت و بەردەوامیش حکومەت وەک دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەلێنی چارەسەرکردنی کیشەکان و ڕێگری لە هۆکارەکانی دروستبونی کێشەکان دەدات لەگەڵ ئەوەش بەردەوام ڕەخنە لە دەسەڵاتی دادوەری دەگیرێت و تۆمەتبار دەکرێت بە دەستوەردان لە کەیسەکان و سستی ڕاییکردنی دۆسیەکان و درەنگ یەکلابونەوەی کێشەکان.