کۆچبەرانی تەکساس دوا قوربانی سیاسەتە نامرۆڤانەکانی ئێمە نین
سەروتار:
ئەوان لەڕێگهیەکی دورەدەست لەویلایەتی تەکساس دۆزرانەوە، کرێکارێک کە گوێی لەهاوارێک بۆ داوای یارمەتی بوو، لەدەرگای ترێلەی بارهەڵگرێکی جێهێڵراوەوە سەیری ناوەوەی کرد. کاتێک پهیوەندیی بەدەزگای فریاگوزاری کرد، تەرمی 48 کەس لەپشتی بارهەڵگرەکەدا دۆزرانەوە، هەندێکیان تەمەنیان لەخوار 18 ساڵەوە بوو، لەسەرەڕێگایەکی دوور لەبارهەڵگرەکە کەسێکی دیکە بەمردوویی دۆزرایەوەو دوو کەسی دیکەش لەنەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا.
ئەو کۆچبەرانە لەمەکسیکو هیندۆراسو گواتیمالاوە هاتبوون، شوێنەواری ئاو لەنێو بارهەڵگرەکەدا نەدۆزرایەوە، شارەزایەک بەکەناڵی سی ئێن ئێن دەڵێت، ئەگەر دەرگاکان دابخرێن، دەکرێت پلەی گەرما لە50 پلەی سەدی پتر بێت. گەرما لەو شوێنە داخراوە نایەتەدەر.
کارەساتی زۆر:
ئەمە یەکەمجار نییە کۆچبەران لەپێناو گەڕان بەدووی ژیانێکی باشتردا گیانلەدەستبدەن، تەنها لەمساڵدا 290 کەس لەهەوڵی بەزاندنی سنووری نێوان مەکسیکو ئەمریکا گیانیانلەدەستداوە. ساڵی ڕابردوو ئەو ئامارە گەیشتە 650 کەس. لەئەوروپاش کارەساتی هاوشێوەی ئەمە ڕوودەدات.
تاساڵی 2015 حەفتاویەک ئاوارەو کۆچبەری عێراقیو سوریاییو ئەفغانستانی لەنەمسا لەنێو بارهەڵگرێکدا دۆزرانەوە. ئەوان تا مردن خنکابوون. یەکێك لەخنکاوەکان کۆرپە بوو.
ڕێککەوتن لەگەڵ دیکتاتۆر:
بەپێی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمڕۆ زیاتر لە100 ملیۆن کەس لەزێدی خۆیان هەڵاتوون. کە پتر لەسەدا یەکی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێننو ئەگەری ئەوە هەیە لەگەڵ خراپتربوونی قەیرانی کەشوهەوا ئەم ژمارەیە لەهەڵکشاندا بێ.
سەرەڕای ئەمەش هێشتا پلانێکی توندوتۆڵمان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کۆچدا نییە،
لەپاش قەیرانی کۆچکردنە فراوانەکەی ساڵی 2015 یەکێتی ئەوروپا ڕێککەوتنێکی لەگەڵ دیکتاتۆرەکەی تورکیا واژۆکرد. ئەردۆغان ڕەزامەندی لەسەر ڕاگرتنی کۆچبەران لەڕێگای یۆنانەوە لەبەرامبەر بڕی ملیاران یۆرۆو گەشتکردن بەبێ ڤیزا بۆ یەکێتی ئەوروپا بۆ هاوڵاتیانی تورکیا دەربڕی. ئەو کۆچبەرانەی هەرچۆنێک بووە توانیبوویان بگەنە یۆنان، توانرا بۆ تورکیا بنێردرێنەوە.
لەوکاتەوە ئهردۆغان کەڵک لەو ڕێککهوتنه وەردەگرێو گوشار بۆ یەکێتی ئەوروپا دەهێنێت (هەرچیمان دەوێت جێبەجێی بکەن، ئەگینا چوار ملیۆن ئاوارەتان لەسنوورەکانەوە بۆ دەربازدەکەین).
ئالان کوردی لەیاد مەکەن:
ئەوی وێنەی ئالان کوردیی لەکەنار دەریادا بینی هەرگیز ناتوانێ لەیادی بکات. ئهو منداڵه دوو ساڵانه سووریاییەی، لهكاتێكدا لهگهڵ دایكو باوكی ویستبوویان بهچووپێک بگهنه ئهوروپا خنكا. وێنەکەی لەساڵی 2015 بوو بەهێمای تراژیدیای قەیرانی پەنابەران. لەوساڵەدا 3500 کەس لەهەوڵی هەڵهاتنیان بۆ ئەوروپا گیانیانلەدەستدا.
نابێت ئەمە دوبارەبێتەوە:
پێویستە پێشوازیی لەپەنابەران بکەینو ڕێگای سەلامەتیان بۆ ئەوروپاو ڕۆژئاوا بۆ دابینبکەین. پێویستە هەموو کەسێک بەشێوەیەکی دادپەروەرانە هۆکاری پەنابردنی هەڵسەنگێنرێ. دەبێت ڕووداوە تراژیدییەکان بوەستێنرێن. نابێت چیتر تەنانەت یەک کەسیش لەنێو بارهەڵگرێکی قەرەباڵغدا بمرێت.
نوسینی: سوسانا شییەرکێگارد
ڕۆژنامەی ئافتون بلادێت
لەسویدیەوە: ڕوناک شوان