بازرگانانی تلیاک ھەرێم دەبەنە لێواری لەنێوچوون

کوردستان

26/07/2022‌ 1285 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەکارهێنان  و بازرگانیکردنی مادە هۆشبەرەکان یەکێکە لە مەترسیداترین هەڕەشەکان لەسەر هەرێمى کوردستان و ساڵ بە ساڵیش رێژەو ژمارەى بەکارهێنەران و بازرگانان زیاتر دەبن، ئەگەرچی بەوتەى بەرپرسانى تایبەتمەندی مادە هۆشبەرەکان هەرێمی کوردستان زیاتر ترانزێتى بازرگانیکردنە بە مادەی هۆشبەرەوە، بەڵام ژمارەی بەکارهێنەرانیش لە هەرێم هەر زیاترو زیاتر دەبن.

لایەنە پەیوەندییدارەکانى حکومەتى هەرێم و توێژەران و راوێژکارانى ئەو بوارە هۆشداری دەدەن لە تەشەنەکردنى ئەو حاڵەتە مەترسیدارە لەسەر هەرێمى کوردستان.

هەرێمى کوردستان نزیکەى ٥١٤ کیلۆمەتر سنوری بە ئێرانەوە هەیە، ئەو مەودا زۆرەش وایکردوە کە بەشی هەرە زۆری ئەو مادەیە لەسنوری ئێرانەوە بهێنرێتە ناو خاکى هەرێمى کوردستانەوە.

شارپرێس لە راپۆرتێکى مەیدانیدا تیشک دەخاتە سەر هۆکارو قوربانییەکانى ئەو حاڵەتە مەترسیدارەو بۆ ئەوەش لەناو زیندانەوە چەند کەسێک دەدوێنێت کە توشی مادە هۆشبەرەکان بوون.

یەکێک لەو کەسانەى ئێستا لە زیندانەو بە مادەکەوە دەستگیرکراوە، باس لەوە دەکات، یەک جار تاقیکردنەوە رادەکێشرێیتە ناو بەکارهێنانى مادەکەوەو بۆ هەمیشە ژیان لە دەست دەدەیت و لە زیندان خۆت دەبینیتەوە.

یەکێک دەلێت بەهۆی لەدەستدانى خۆشەویستەکەیەوە ئالودەی بەکارهێنان بووەو یەکێکی دیکەش بەهۆی دووری لە دایک و باوکی، بەڵام پاسەوانەکان هەرچی بن، دواجار بەکارهێنان یان بازرگانیکردن کۆتایی بە ژیانی ئەو کەسە دەهێنێت یان دووچاری زیندانى دەکاتەوە بۆ ساڵانێکى درێژ.

لە ساڵی ٢٠١٩‌ تا ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، ژمارەی ئەو كەسانەی بە هۆی ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیركراون و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان لە دادگا بۆ كراوەتەوه، پێنج هەزارو ٤١٩ تۆمەتبار بوونە.

تەنیا لەماوەى شەش مانگی ئەمسالیشدا ٢٤٠ کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە دەستگیر کراون.

س.هـ