عێراق هەناردەكردنی نەوت بۆ چوار ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە زیاد دەكات

عیراق

31/07/2022‌ 416 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شارپرێس:
بەڕێوەبەری دەستەی توێژینەوەی بازاڕ و پلاندانانی ستراتیژیی لە كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق-سۆمۆ ڕایگەیاند، وەزارەتی نەوت لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا بەرهەمهێنانی نەوتی ڕۆژانە بەبڕی ٨٥٠ هەزار بەرمیل نەوت زیاد دەکات.

محەمەد سەعدون، بەڕێوەبەری دەستەی توێژینەوەی بازاڕ و پلاندانانی ستراتیژیی لە كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق-سۆمۆ بە میدیای فەرمیی عێراقی ڕاگەیاند، وەزارەتی نەوتی عێراق لەئێستادا كار بۆ زیادكردنی توانای هەناردەكردن دەكات و لەو چوارچێوەشدا مەبەستییەتی بەپێی پلانێک لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا بەرهەمهێنانی نەوتی ڕۆژانە بەبڕی ٨٥٠ هەزار بەرمیل نەوت زیاد بکات.

محەمەد سەعدون ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا وەزارەتی نەوتی عێراق سەرقاڵی كاراكردنەوەی بەندەری ئەلعەمەیە لە سنووری بەسرە و هەرکات کارکردن تێیدا تەواوبوو، ئەوا توانای هەناردەکردنی دەگاتە بڕی یەک ملیۆنی ڕۆژانە.

لە ئێستادا حکومەتی عێراق ڕۆژانە بڕی سێ ملیۆن و ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوور هەناردەی دەرەوە دەکات، جگە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، بەوەش بڕی نەوتی هەناردەكراوی ڕۆژانەی عێراق دەگاتە چوارملیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت.