وەزیری فەرماندە، یان وەزیر ئەلقائید، ناوە شەبەحەکەی موقتەدا سەدرو مۆتەکەی مالکی‌و چوارچێوەی هەماهەنگی

ڕاپۆرت

31/07/2022‌ 1205 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

چەند ڕۆژێکە بەهۆی هەوڵەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ پێکهێنانی حکومەت‌و دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران، لایەنگرانی موقتەدا سەدر ڕژاونەتە سەر شەقام‌و دۆخێکی نا ئاساییان لەعێراق هێناوەتە ئاراوە، دۆخێک کە تائێستا خودی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر هیچی لەسەر نەوتوەو لایەنگرەکانیشی بانگەشەی کۆتاییهێنان بەمالیکی‌و چوارچێوەی هەماهەنگی‌و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکەن.


لەماوەی ئەو چەند ڕۆژەداو لەگەرمەی بێدەنگی موقتەدا سەدردا، ناوێك زیاتر لەخودی سەدر بەکاردێت‌و لایەنگرانی سەدر گوێڕایەڵی قسەو نوسین‌و فەرمانەکانی دەبن، کە پێشتر هیچ بونێکی نەبوەو کەس ئەو ناوەی وەک مەرجەعی سەدریەکان یان کەسی بڕیار بەدەستی سەدریەکان نەناسیوە.

موقتەدا سەدر کە بەپیاوی تویتەکان ناوی دەبراو بۆ هەموو کردەیەکی سیاسی وڵات بەتویتێک ڕای خۆیی‌و سیاسەتی ڕەوتەکەی بەیان دەکرد، ئەو پیاوەی کە بەتەنها یەک تویت عەرشی سیاسیەکانی عێراقی دەهەژاندو خۆپیشاندانی دوو ملیۆنی ئەنجامدەدات‌و لایەنگرانی شەقامەکانی وڵاتیان دەتەنی.

پیاوێک کە بەتویت کشانەوەی لەهەڵبژاردنەکان‌و دواتر بەشدارییکردن‌و پاشان کشانەوەی لەپەرلەمان‌و دەستلەکاركێشانەوەی پەرلەمانتارەکانی ڕادەگەیاند، ئێستاو لەو دۆخە گەرمەی وڵاتدا خۆی بێدەنگکردوەو لەدوای دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانەوە هیچ تویتێکی نەکردوەو هیچ ڕایەکی فەرمی خۆی دەرنەبڕیوە.

بێدەنگی سەدر لەهەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەت لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، لەشەقامی عێراقی‌و ناو نوخبەی سیاسیی وڵاتدا بەهەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی لێکدرایەوە، چونکە ئەو چاوانەی بەردەوام لەسەر تویتەر بوون بەبێ بینینی هیچ تویتێکی سەدر مانەوەو هیچ ڕایەکی فەرمییان لێ نەبینی.

لەبەرامبەر ئەوەداو لەپڕ ئەوکەسەی کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان خاوەنی پەڕەی فەرمی‌و هەژماری تایبەتەو خۆی بەوەزیری فەرماندە یان وەزیر ئەلقائید ناساندوە، لەتویتەرەوە بەیەک ڕستەی چوار وشەیی بەزمانێکی گاڵتە ئامێزەوە دژایەتی سەدرو سەدریەکانی بۆ محەمەد شیاع سودانی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕاگەیاندو وتی:"محەمەد شیاع سودانی تەوقە لەگەڵ سیبەرەکەی خۆی دەکات".

ئەم تویتەی وەزیری فەرماندە بوە جێگەی سەرنج‌و ئیدی وەزیر ئەلقائید بوە ناوە ناسراوە شەبەحەکەی گۆڕەپانی سیاسی عێراق‌و جێگەی هەموو قسەو تویت‌و ڕاگەیەنراوێکی جێگەی قسەو لێدوان‌و تویتەکانی سەدری گرتەوە.

ئێستا وەزیری فەرماندە هەرچی بیەوێت تەنها بەچەند وشەیەکی کەم‌و بەکورتترین بەیان لایەنگرانی سەدر ئاراستە دەکات‌و ئەوانیش لەبری موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتەکەیان قسەی لێوەردەگرن‌و پابەند دەبن بەبڕیارەکانیەوەو هیچ لێی لا نادەن.

وەزیری فەرماندە ئەو ناوەیە کە تائێستاش کەس نازانێت کێیەو لەڕوی فیزیکییەوە هیچ کەس نەیبینیوەو تەنها بەتویت‌و بەیاننامەکانی بوەتە مۆتەکەی گیانی مالیکی‌و چوارچێوەی هەماهەنگی‌و شەقامی عێراق هەڵدەسوڕێنێت‌و هەر ئەو بڕیار دەدات کە خۆپیشاندەران بچنە هۆڵی پەرلەمانەوەو کەی بچنە بەردەم ئەنجومەنی باڵای دادوەری‌و کەی بگەڕێنەوە.

وەزیری فەرماندە ئێستا سێبەری حکومەتێکی ڕێکخراوی سەدریەکانەو فەەرمانڕەوایی تەواوی عێراق دەکات لەڕێگەی تویت‌و پۆستەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بەبێئەوەی هیچ لێدوان‌و دەرکەوتن‌و ڤیدیۆو وێنەیەکی هەبێت.

ساڵح محەمەد عێراقی  یەکێکی ترە لەو نازناوانەی کە وەزیری فەرماندە لەکۆتایی بەیاننامەکانیدا بەکاریاندەهێنێت‌و میدیای عێراقی بەو ناوەو بەنازناوی وەزیری فەرماندەوە پەیامەکانی بڵاودەکەنەوە، لەکاتێکدا کە ‌هێزە ڕکابەرەکانی سەدر بەچەند سەد وشەیەک بەیاننامەیەک بلاودەکەنەوە ئەم بەتەنها چەند وشەیەکی رێکنەخراوو لەچوارچێوەی ڕستەیەکی شێواودا وەڵامیان دەداتەوە، زۆرکاتیش تویتە چەند وشەییەکانی ئەم دەبنە هۆی وەڵامدانەوەی چەند پەڕەیی هێزە نەیارەکانی بەبێئەوەی بزانن وەڵامی کێ دەدەنەوە.

شارپرێس لەبەدواداچونێکدا بۆ کەسایەتی وەزیرى ئەلقائید لەچەند سەرچاوەیەکەوە ئەوەی زانیوە، لەماوەی ڕابردوداو لەڕێگەی گروپەکانی واتس ئەپ‌و تەلەگرامەوە ئەندامانی سەرەوەی ڕەوتەکەی سەدر ئاگادارکراون لەوەی هەر قسەو فەرمانێک لەو هەژمارو پەڕە تایبەتایانەی کە بەناوی وەزیری فەرماندەوە کراونەتەوە جێبەجێیان بکەن‌و وەک فەرمانی خودی موقتەدا سەدر وەریان بگرن، ئەمەش وایکردوە لەگەورەترین بەرپرسی ڕەوتەکە تا بچوکترین‌و دورترین هەوادارو لایەنگری ڕەوتەکەی سەدر، فەرمان‌و قسەکانی جێبەجێبکەن بەبێئەوەی ئەوانیش بزانن کێیە لەپشت ئەو کۆمپیوتەرو مۆبایلەوە فەرمانیان پێدەکات‌و ئەمانیش دەبێت جێبەجێی بکەن.

بەشێک لەچاودێران پێیانوایە، ئەو هەژمارو پەڕانە لەلایەن خودی موقتەدا سەدرو نوسینگەو کەسە نزیکەکانیەوە بەڕێوەدەبرێن‌و هیچ کەسێک نییە بەو ناوەی کە بوەتە جێی مشتومڕی نێو شەقام‌و گۆڕەپانی سیاسی توشی شڵەژان کردوە.

چوارچێوەی هەماهەنگی‌و بەشێک لەهێزەکانی تری عێراق خودی موقتەدا سەدر بەبەڕێوەبەری ئەو هەژمارانە دەزانن‌و پێیانوایە، ئێستا نایەوێت بەناوی خۆیی‌و لەڕێگەی هەژمارە تایبەتەکانیەوە بەرپرسیارێتی ئەو دۆخە لەئەستۆ بگرێت‌و لەو ڕێگەیەوە دەیەوێت جڵەوی هەوادارو ئەندامانی ڕەوتەکەی بکات، بەشێکی تریش لەچاودێران پێیانوایە، ئەمە هەنگاوی یەکەمی موقتەدا سەدرە بۆ ناساندنی خۆی وەک مەرجەعی شیعەکان‌و هەوڵێکە بۆ ڕاهێنانی شەقام بۆ بەمەرجەعبونی بەجۆرێک کە دەیەوێت ئیدی خۆی لەژورە داخراوەکانەوە بڕیاربدات‌و لەڕێگەی چواردەورەکەیی‌و بەناوی کەسانی ترەوە بڕیارو فەرمانەکانی ڕەوانەی دەرەوەی ژورەکەی بکات هاوشێوەی ئەوەی سیستانی چەند ساڵێکە ئەنجامی دەدات.