حکومەتى هەرێم: داهاتى نەوت 150 ملیۆن دۆلار زیادی کردوە

کوردستان

01/08/2022‌ 2836 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە شەش مانگی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان 5 تریلیۆن دیناری بۆ مووچە تەرخانکردووە و ئاشكرایشیكرد كە داهاتی نەوت بەهۆی چاكسازییەكانەوە داهاتی مانگانەی نەوت 150 ملیۆن دۆلار زیادی كردووە.

لە پەیامێكدا جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان  وتیشی: هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. لە شەش مانگی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان 5 تریلیۆن دیناری بۆ مووچە تەرخانکردووە و حکومەتی فیدڕاڵیش تەنها 400 ملیار دیناری ناردووە.

دەشڵێت: پێشتر مانگانە 350 ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت دەگەڕێندراوەیەوە خەزێنەی حکومەت، بەڵام بەهۆی چاکسازییەکان لە کەرتی وزە، ئێستا مانگانە 500 ملیۆن دۆلار دەگەڕێندرێتەوە خەزێنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لە هەرێمی كوردستاندا مانگانە 200 هەزار تۆن خۆڵ و خاشاك كۆدەكرێتەوە، لە شەش مانگی ڕابردوودا حكومەتی هەرێم ملیۆنێك و 200 هەزار تۆن خۆڵ و خاشاكی كۆكردووەتەوە و كرێی كۆمپانیاكانی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە 11.8 ملیار دینارەوە كەمكراوەتەوە بۆ 9.6 ملیار دینار.

لە هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 19هەزار هاوبەشی ئاو هەیە و پێوەری ئاو بۆ 719 هەزاریان بەستراوە، حكومەتی هەرێم ڕۆژانە 2.6 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ هاوڵاتیان دابیندەكات، بەمەش لە شەش مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 470 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ هاوڵاتیان دابینكراوە كە تێكڕای خەرجییەكەی هەشت ملیار دینار بووە.

س.س