شارپرێس:
نەخۆشیی شەکرە نەخۆشییەکی دریژخایەنەو ملیۆنان کەس لەسەرتاسەری جیهاندا بەدەستییەوە دەناڵێنن، تووشبوون بەم نەخۆشیەش بەهۆکاری چەند فاکتەرێکی وەک فاکتەری ژینگەییو بۆماوەییو ستایلی نادروستی ژیانەوە دەبێت، جگە لەوکەسانەی کە نەخۆشی شەکرە لەمێژووی بنەماڵەکەیاندا هەیە.
ئەگەربێتو کەسەکە نەخۆشییەکەی لەژێر کۆنترۆڵدا نەبێت چەندین لێکەوتەی تەندرووستیی وەک پەککەوتنی گورچیلەو نەخۆشییەکانی دڵو لولەکانی خوێنو چەندین لێکەوتەی تریشی بەدوادابێت، هەربۆیە گرنگە ئەو ڕێگهو ڕێکارانە بزانرێت کە بەهۆیەوە دەکرێت خۆمان لەنەخۆشییەکە بپارێزین، کە ئەوانیش بریتین لە:
1ـ پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکیی دروستو خواردنی خۆراکە سروشتییەکان کە ڕێژەیەکی زۆر ڕیشاڵەکانی تێدایە، هەروەها کەمکردنەوەی چەوریو شیرینی.
2ـ ڕۆژانە وەرزشکردن بەبەردەوامی بەتایبەت ڕۆیشتن بەپێ لانیکەم بۆماوەی نیو کاتژمێر یاخود مەلەکردنو پایسکیلسواری.
3ـ هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی کێشی زیادەی جەستەو دروستکردنی لەشو لارێکی ڕێك بەشێوەیەك لەدەستدانی 7%ـی کێشی زیادەی لەش، ئەگەری تووشبوون بەنەخۆشیەکە کەمدەکاتەوە.
4ـ پارێزگاریکردن لەجێگیری ئاستی فشاری خوێنو کۆلێسترۆڵو چەوری سیانیی.
5ـ ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی بەردەوام، بەشێوەیەک لانیکەم ساڵی جارێک پشکنین بۆ زانینی ڕادەی مەترسیی تووشبوون بەنەخۆشییەکە بکرێت.
6ـ پابەندبوون بەبەدەستهێنانی خەوی تەواو، لەبەرئەوەی کەمخەوییو خراپی کوالێتی خەو دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشی جەستەو دواجار تووشبوون بەنەخۆشیی شەکرە.
7ـ خواردنەوەی برێکی زۆر لەئاو، بەوپێیەی ڕاهاتن لەسەر خواردنەوەی ئاو یارمەتیدەرە لەکەمکردنەوەی بەکاربردنی ئەو خواردنەوانەی شەکرییان تێدایەو هۆکارن بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکری ناو خوێن.
و: ئاکۆ ئاڵی