بانكى ناوه‌ندى هه‌رێم-سلێمانى ڕونكردنه‌یه‌وه‌یه‌كى له‌باره‌ى قه‌رزه‌كانى کۆمپانیای نالیا بڵاوكرده‌وه‌

کوردستان

04/08/2022‌ 1505 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لقى سلێمانى بانكى ناوه‌ندى هه‌رێم ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كى له‌باره‌ى قه‌رزه‌كانى کۆمپانیای نالیا بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، كۆمپانیاى نالیا نه‌ك قه‌رزه‌كانى نه‌گه‌ڕاندۆته‌وه‌، به‌ڵكو له‌و بڕه‌ زیاتره‌ كه‌ باسكراوه‌و ئێستا 84 ملیار دینار قه‌رزارى حكومه‌تى هه‌رێمه‌.

له‌ڕوونكردنه‌وه‌كه‌ى لقى سلێمانى بانكى ناوه‌ندى هه‌رێمدا هاتووه‌، لەچەند پەیج و ئەکاونتێکی سۆشیال میدیا ئەوەیان بڵاوکردەوە کە؛ قەزرەکانى کۆمپانیاى نالیا، لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە یەکلاکراوەتەوە و سەرۆکى کۆمپانیاکە بڕیاریداوە بۆ تەواوکارى موچەى مانگى 7 بڕى 80 ملیار دینار بداتە موچەخۆرانى سنورى سلێمانى، لە راستیدا کۆمپانیاى ناوبراو بڕى قەرزەکەى 84 ملیار دینارەو تا ئێستا نەیگێڕاوەتەوە بۆ خەزنەى دەوڵەت. 

بانكه‌كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، تا ئێستا کۆمپانیای ناوبراو هیچ قەرزێکى لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان پاکتاو نەکردۆتەوەو داوا لەسەرجەم ئەو بەڕێزانە دەکەن کە قەرز و ئاسانکارى حکومەتیان لاماوە وەک ئەرکێکى نیشتمانى قەرزەکانیان بگێڕنەوە بۆ خەزێنەى گشتی.
 
 ئه‌گه‌رچى حكومه‌ت له‌كاتى پێدانى قه‌رز به‌وه‌به‌رهێنه‌ران بارمته‌ى یاساىى لێ وه‌رگرتون به‌ڵام تا ئێستا ئیجرائاتى توند به‌رانبه‌ر ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌رانه‌ نه‌كراوه‌ كه‌ قه‌رزه‌كانیان بۆ حكومه‌ت نه‌گه‌ڕاندۆته‌وه‌و به‌پێى زانیارى به‌شێک له‌ په‌رله‌مانتاران حكومه‌ت زیاتر له‌ 700 ملیۆن دۆلار قه‌رزى داوه‌ته‌ وه‌به‌رهێنه‌ران.
ئ.ق