ئەگەر دەتەوێت تووشی نەخۆشییەکانی دڵ نەبیت لەنێوان 10 بۆ 11ی شەو بخەوە

تەندروستی

05/08/2022‌ 468 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی بەریتانی کە لە گۆڤاری European Heart Journal  دا بڵاوکراوەتەوە و داتای ٨٨ هەزار کەسی بەکارهێناوە، ئەوەی ئاشکراکردووە کە خەوتن لەنێوان ١٠ بۆ ١١ ی شەو مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.

ئەوەکەسانەی بەشداریی لێکۆڵینەوەکەیان کردووە ئامێرێکیان لەمەچەکیان بەستراوە بۆئەوەی داتاکانیان کۆبکاتەوە، کە لەئەنجامدا دەرکەوتووە کە خەوتن لەپێش کاتژمێر ١٠ی شەو تاوەکو دوای ١١ی شەو پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.

سەرپەرشتیارانی لێکۆڵینەوەکە کە لەگەڵ کۆمپانیای "هوما" بۆ تەکنەلۆژیای تەندرووستیی کاریان کردووە، وتویانە خەوتن لەنێوان کاتژمێر ١٠ بۆ ١١ی شەو پەیوەندیی هەیە بە کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ ولوولەکانی خوێن.

ئەوەشیان وتووە کە پەیوەندیی لەنێوان کاتی نووستن و زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاتر لای ئافرەتان دەرکەوتووە.

هەروەک توێژینەوەکانی ئەکادیمیای ئەمریکیی بۆ پزیشکیی خەو دەریخستووە کە ئەو کەسانەی هەموو شەوێک حەوت بۆ هەشت کاتژمێر دەخەون، زیاتر بەرهەمدارترن لەوانەی کە شەش کاتژمێر دەخەون.

لەلایەکی دیکەوە توێژینەوەیەکی دیکە کە لە گۆڤاری Experimental Psychology بڵاوکراوەتەوە دەریخستووە کە لەدەستدانی تەنها دوو کاتژمێر خەوتن لە شەوێکدا، ئەگەری هەیە زیاتر مرۆڤ تووشی تووڕەبوون بکات.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی