عێراق لە یەدەكی زێڕدا لە ڕیزبەندی یەكەم نزیك دەبێتەوە

عیراق

07/08/2022‌ 978 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
ئەنجومەنی جیهانیی بۆ زێڕ بڵاویکردەوە، عێراق بڕی ٣٣ تۆن و ٩٧ کیلۆ زێڕی کڕیووە و بەوەش گەیشتووەتە چوارەم وڵاتی عەرەبیی لە بوونی یەدەگی زێڕدا، هاوکات لەسەر ئاستی جیهانیش ١٠ پلە سەرکەوت و بووە ٣٠یەمین وڵات لە بوونی زۆرترین یەدەگی زێڕدا.

لە ڕاپۆرتێكدا، ئەنجومەنی جیهانیی بۆ زێڕ بڵاویكردەوە، بەم دواییە عێراق بڕی ٣٣ تۆن و ٩٧ کیلۆ زێڕی کڕیوە، لە ئێستادا عێراق خاوەنی ١٣٠ تۆن و چوار کیلۆ زێری یەدەگە، بەوەش بووەتە چوارەم وڵاتی عەرەبیی لە یەدەگی زێڕدا و لەسەر ئاستی جیهان ١٠ پلە سەرکەوت و بووە ٣٠یەمین وڵات لە بوونی زۆرترین یەدەگی زێڕدا.

ئەنجومەنی جیهانیی بۆ زێڕ ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمساڵ چەند وڵاتێک بڕی ١١١ تۆن و ١٩ کیلۆ ئاڵتونیان بۆ یەدەگی زێڕی جیهانی زیادکردووە، بەشێوەیەک عێراق لەپێش هەمویان بووە بەبڕی ٣٣ تۆن و ١٩ کیلۆ، ئۆزبەکستان ٢٦ تۆن و ٤٤ کیلۆ، کازاخستان ١٥ تۆن و ٧٩ کیلۆ و هیندستان هەشت تۆن و ٣٩ کیلۆ زێریان کریووە.

لە ڕووی جیهانییەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەورەترین وڵاتە لەڕووی بوونی زۆرترین یەدەگی زێر، چونکە خاوەنی هەشت هەزار و ١٣٣ تۆن زێڕە، لە پلەی دووەم ئەڵمانیا دێت بەبوونی سێ هەزار و ٣٥٥ تۆن و ئیتاڵیا لە پلەی سێیەمدایە بەبوونی دوو هەزار و ٤٥١ تۆن زێڕ.

عێراق پێشتر لە پلەی پێنجەمی وڵاتانی عەرەبی بوو بە بوونی ٩٦ تۆن یەدەگی زێڕ، لە پلەی یەکەمی وڵاتانی عەرەبیشدا سعودییە دێت و پاشان لوبنان و جەزائیر لە پلەی دووەم و سێیەمدان.
س.س