دوای سەردانەکەی پیلۆسی هەڕەشەکانى چین لە تایوان بەردەوامە

جیهان

08/08/2022‌ 404 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی بەرگری چین رایگەیاند، مانۆڕە سەربازییەکانی لە دەورووبەری تایوان بەردەوام دەبێت و بە بەکارهێنانی چەندین چەکی پێشکەوتوو ئەمریکا شۆک دەکات. 

دوای سەردانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، نانسی پێلۆسی بۆ تایوان مانۆڕی سەربازی چین دەستی پێ کرد و ئەگەرچی بڕیار بوو دوێنێ یەک شەممە مانۆڕەکە تەواو ببێت، بەڵام ئەمڕۆیش بەردەوام دەبێت.

فەرماندەیی بەرەی رۆژهەڵات لە سوپای رزگاریخوازی میللی چین رایگەیاند، لە مانۆڕە سەربازییەکانی ناوچە ئاوییەکانی دەورووبەری دوورگەی تایوان، "سەرنج دەخرێتە سەر تێکشاندنی ژێردەریایی و هێرشکردنە سەر کەشتی لە ئاسمانەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە شوێنی ئەنجامدانی مانۆڕەکان و کاتی کۆتایی هاتنیان نەدراوە، بەڵام تائێستاش چین لەو مانۆڕە بەردەوامە.

چین پێشتر رایگەیاندبوو کە مانۆڕەکان لە شەش ناوچە ئەنجام دەدرێن و لە چواری ئاب دەست پێ دەکەن و لە حەوتی ئاب تەواو دەبن.

هەفتەی رابردوو نانسی پێلۆسی لەگەڵ پێنج ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا سەردانی تایوانی کرد و ئەمەیش کاردانەوەی توندی چینی بەدوادا هات و بووە هۆی تەشەنەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و چین.

س.هـ