وەزارەتى کارەبا: قەرزی زۆری هاوبەشەکانمان گرفتى بۆ کارەکانمان دروستکردوە

کوردستان

08/08/2022‌ 382 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە هاوبەشانی کارەبا زیاتر لە ترلیۆنێک دینار قەرزداری وەزارەتن و ئەو بڕە پارەیەش زۆرە و گرفت بۆ کارکردنی وەزارەت دروست دەکات. 

 ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، ئێمە بەگوێرەی یاسا دەتوانین کارەبای هەر هاوبەشێک ببڕین کە قەرزەکەی ناداتەوە، بەڵام دۆخی دارایی هەموو هاوبەشانمان لەبەرچاوگرتووە؛ بۆیە تاوەکو ئێستا ئەو یاساییە جێبەجێ نەکراوە. 

ناوبراو روونیدەکاتەوە کە بە دوو رێگە هاوکاری هاوبەشانیان کردووە بۆ ئەوەی قەرزەکانیان بدەنەوە. یەکەم بەلێخۆشبوون لە بەشێک لە قەرزەکەیان. دووەم، بە گەڕانەوەی قەرزەکەیان بەشێوەی قیستیی مانگانە. 

ئومێد ئەحمەد دەشڵێت"ئەگەر هەر هاوبەشێک یەکجار، دووجار، سێ جار ئاگادار بکرێتەوە لەوەی قەرزەکەی بگەڕێنێتەوە و هیچ وەڵامی نەبێت، ئەو کاتە ناچارین ئەو یاساییە جێبەجێبکەین و کارەباکەی ببڕین، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین نەگەینە ئەو قۆناخە".

وتەبێژی وەزارەتى کارەبا ئەوەى خستەڕوو، جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئێمە لەسەر بودجە وەستاوەو سەرەڕای قەیرانەکان، خزمەتگوزارییەکانمان جێبەجێکردوون؛ هیوادارین نەگاتە ئاستێک بەهۆی قەرزێکی زۆری هاوبەشان نەتوانین خزمەتگوزارییەکان جێبەجێبکەین، چونکە داهاتی مانگانەمان بەراورد بە خەرجییەکانمان کەمترە.

س.هـ