FBI لەناکاو هەڵیكوتایه‌سه‌ر ماڵی دۆناڵد ترەمپ‌و ده‌ستیان به‌سه‌رداگرت

جیهان

09/08/2022‌ 2966 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ڕایگەیاند، دوێنێ دووشەممە ئەندامانی سەر بەنووسینگەی لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکان FBI بەشێوەیەکی کتوپر هەڵیانکوتاوەتەسەر یەکێک لەماڵەکانی لەویلایەتی فلۆریداو داگیریانکردووە.


سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەبەیاننامەیەکدا وتویه‌تى، هەڵکوتانەسەر ماڵەکەی کارێکی نابەجێیە، لەبەرئەوەی ئەو پێشتر لەو لێکۆڵینەوانەی لەگەڵیدا کراوە هاوکاریی ئاژانسە حکوومییە پەیوەندیدارەکانی کردووە.

ترەمپ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، "ئەمە کاتە سەختەکانن بۆ نەتەوەکەمان، لەبەرئەوەی ئێستا ماڵە جوانەکەم، لەپاڵم بیچ لەویلایەتی فلۆریدا لەژێر گەمارۆدایەو لەلایەن گروپێکی گەورەی ئەندامانی FBI هەڵکوتراوەتەسەرى‌و داگیرکراوە".

ده‌شڵێت:"هەرگیز لەڕابردوودا شتێکی لەو جۆرە بەسەر سەرۆکێکی تری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا نەهاتووە".

تائێستا نازانرێت هۆکاری هەڵکوتانەسەر ماڵی ترەمپ چییەو ناوەڕۆکی ئەو فەرمانەی دادگا چییە کە ئەندامانی ئەو ئاژانسە فیدراڵییە دەیانەوێت جێبەجێی بکەن، بەڵام ترەمپ لەبەیاننامەکدا وتویەتی: "قاسەکەمیان شکاندووە".

ترەمپ لەبەشێکی تری بەیاننامەکەدا جەختیكردۆته‌وه‌، ئەوان زۆر هەوڵدەدەن لەساڵی 2024 خۆی هەڵنەبژێرێتەوە، بەتایبەت لەسەر بنەمای ڕاپرسییەکانی ئەمدواییە.

بەوتەی ترەمپ، "ئەمجۆرە کارو کردەوانە تەنها لەوڵاتە تێکشکاوەکانی جیهانی سێیەم ڕوودەدەن، بەداخەوە ئێستا ئەمریکا وەک یەکێک لەو وڵاتانەی لێهاتووە، گەندەڵیی بەڕادەیەک زیادیکردووە کە لەڕابردوودا وێنەی نەبووە".

ترەمپ لەئێستادا ڕووبەڕووی چەندین کێشە یاسایی دەبێتەوە، لەوانە لێکۆڵینەوەی وەزارەتی داد لەبارەی هەوڵەکانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020، هەروەها لێکۆڵینەوە لەو یاخیبوونەی کە لایەنگرانی هاندا بۆ ئەوەی هێرشبکەنەسەر باڵەخانەی کاپیتوڵ هیڵ.