شارپرێس:
دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی سێ قۆڵیی نێوان تورکیا، سویدو فینلاند کە لەپەراوێزی دوایین کۆبونەوەی لوتکەی ناتۆ لەمەدریدی پایتەختی ئیسپانیا واژۆکرا، بۆ یەکەمجار ئەو سێ وڵاتە کۆدەبنەوەو لەکۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بڕگەکانی ڕێککەوتنو داواکارییەکانی حکومەتی تورکیا لەو دوو وڵاتە ئەوروپییە لەخۆدەگرێت، لەوانەش ڕادەستکردنەوەی ژمارەیەک داواکراو.
پێش ڕێککەوتنەکە، تورکیا دژایەتیی بەئەندامبوونی هەریەک لەسویدو فینلەندای لەهاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسیی (ناتۆ) دەکرد، بەڵام بەپێی یەکێک لەلەبەندەکانی ڕێککەوتنەکە، دەبێت ئەو دوو وڵاتە لەبەرەنگاربونەوەی ئەو ڕێکخراوانەی تورکیا بەتیرۆریستیان دەناسێنێت لەپاڵ ئەنکەرەدا بوەستنەوە کە مەبەستی تورکیا پارتی کرێکارانی کوردستان (پهكهكه)و هێزەکانی سوریای دیموکرات (ههسهده)و بزوتنەوەی خزمەت (گولەن)ە.
دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، حکومەتی سوید ڕایگەیاند، ڕادەستکردنی داواکراوان بەئەنکەرە بەگوێرەی یاسای سویدی دەبێت.
جەختیکردەوە، ئەوکەسانە ڕادەستی ئەنکەرە ناکەوە کە هاوڵاتی سویدین یان مەترسیی ئەوەیان لەسەرە ئەشکەنجە بدرێن.
لەلایەکی ترەوە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بەکر بوزداغی وەزیری دادی تورکیا ڕایگەیاند، هەریەک لەسویدو فینلەندا بەئەرێنی وەڵامی هیچکام لەو داواکاریانەی ئەنکەرەیان بۆ ڕادەستکردنی داواکراوان بەئەنکەرە نەداوەتەوە.
جەختیشیکردەوە، ئەگەر هەڵوێستی ئەو دوو وڵاتە بەوجۆرە بەردەوامبێت، ئەوە ئەوانیش لەڕازییبوونیان لەبەئەندامبوونیان لەناتۆ پاشگەز دەبنەوە.
دەقی ڕێککەوتنە سێقۆڵییەکەی تورکیاو سویدو فینلەندا ئاماژە بەدروستکردنی لیژنەیەکی هەمیشەیی بۆ بەدواداچونو جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەنکەرە دەکات، لەو چوارچێوەیەشدا وابڕیارە لەمانگەدا شاندی ئەو سی وڵاتە لەسەر هەمان بابەت کۆببنەوە.