وەزارەتی شارەوانی كۆتا وادەی بۆ تاپۆكردنی خانووی زیادەڕۆ دیاریكرد

کوردستان

09/08/2022‌ 575 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزار ڕایگەیاند، كۆتا وادە بۆ وەرگرتنی داواكاری خاوەنی خانوی زیادەڕۆ نۆی ئەیلولە و پاش ئەو وادەیە ئیدی لەو مافە یاسایییەیان بێبەش دەبن .
لە ڕاگەیەندراوێكدا، وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزار بڵاویكردەوە، ئەو خانووانەی بە شێوەی زێدەڕۆ دروست کراون و یاسای زێدەڕۆکار دەیانگرێتەوە، کۆتا وادە بۆ وەرگرتنی داواکارییەکانیان رێکەوتی 9/9/2022ـە و پاش ئەو وادەیە ئیدی لەو مافە یاسایییەیان بێبەش دەبن. 

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار داوا لە هاووڵاتییان دەکات بە زووترین کات داواكانیان پێشكەش بە لیژنەی تایبەتمەند لە قەزا و ناحییەكان بكەن، بۆ ئەوەی لەو دەرفەتە سوودمەند بن كە تەنیا مانگێكی ماوە.

بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرجەم ئەو خانووانەی بەشێوەی زێدەڕۆ لە پێش ڕێكەوتی مانگی 31/12/2020  دروست کراون، بەپێی یاسای هەمواركراوی ژمارە 7ی ساڵی 2021 جێگیرکراو تاپۆ دەکرێن، هەر خانوویەکیش لەپێش ئەو رێککەوتووە بەشێوەی زێدەڕۆ دروست کرابن، رێکارەکانی تاپۆکردن دەیانگرێتەوە. 

کەسی زێدەڕۆکار داواکارییەک پێشکەشی یەکە ئیدارییەکەی لە قایمقامییەت و ناحییەكان دەکات و یەکەی ئیدارییش لیژنەیەکی تایبەتی پێک هێناوە بۆ راییکردنی کاروبارەکانی ئەو بابەتی تاپۆکردنە. 
س.س