هیچ سەرکردەیەكی کورد نەیتوانی هەموو کورد لەژێر یەك چەتردا کۆبکاتەوە

مەلەفی تایبەت

09/08/2022‌ 1183 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دکتۆر عەبدولڕەحمان مەولود پرۆفسۆری یاریدەر، زانکۆی لۆریە، واترلو، کەنەدا

دوای زیاتر لە سەد ساڵ خەباتکردن هیچ سەرکردەیەكی کورد نەیتوانی هەموو کورد لەژێر یەك چەتردا کۆبکاتەوە

بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد (برك) لە کۆتایی سەدەی نۆزدەم و سەرتای سەدەم بیستەم لەهەولی سەربەخۆیی کوردستاندایە. لەم ماوەیەدا هەمو ئەو بزووتنەوە سیاسیانەی جیهان کە بۆ ئازادی، مافی یەکسانیخوازی و سەربەخۆیی تێدەکۆشان تارادەیەك بە ئامانجاکانیان گەیشتن. بۆ نموونە، هاولاتیانی ئەفریقای باشور کۆتاییان بە سیستەمی نژادپەرستی هێناو دەسەلاتیان لە وەلاتەکەی خۆیان گرتە دەست. هەموو ولاتانی ئەمریکای لاتین سەربەخۆیی سیاسیان بەدەستهێنا و دەوەلەتی خۆیان دروستکرد. لە وولاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، هاولاتیە ڕەشپێستەکان مافی دەنگەدان، خانوبەرە کرین، بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی و تارادەیەکی باش یەکسانی لەگەل هاولاتیە سپی پێستەکانیان بەدەستهێنا.

بزووتنەوی پێشکەوتنخوازانەی یەکسانی نێرو مێ سەرکەوتنی باشی بەدەستهێناوە لەسەرتاسەری جیهان. ئەو بزوتنەوانەی کاریان دەکرد و لە ئێستاشدا کاردەکەن بۆ چاکردن هەلومەرجی ژیان و کارکردنی کرێکاران ،مافی مرۆڤ، مافی منالان، ژینگە، ئاشتی ... تاد تارادەیەکی باش سەرکەوتوو بوون. بەراورد بەهەمو ئەم بزووتنەوانەو هیتریش برک هەلکشانی گەورەی بەخۆوە نەدویوە. رەنگە لە مێژووی هاوچەرخەی مرۆڤایەتی هیچ بزووتنەوەیەك هێندەی برك بێ بەرهەم نەبێت کاتێك بەراورد لە نێوان ژمارەی قوربانی و دەستکەوتەکان دەکەیت.

یەکێك لەو هۆیە سەرەکیانەی کە تاکو ئێستا برك زۆر دوورە لە ئەمانجە سەرەکیەکەی ئەوەیە کە تاکو ئێستا هیج سەرکردەیەکی کورد سەرکەوتو نەبووە لە کۆکردنەوەی هەمو کورد لە ژێر یەك چەتردا. هۆیەکانی ئەم بێتوانایە لە کۆکردنەوەی هەموو کورد لە ژێر یەك چەتردا هەرچی بێت، پرسیار ئەوەیە، تۆ بلێی ئەوانەی بریاری سیاسی کوردیان لایە کەمێك دۆشدامێن و بیرلەوە بکەنەوە ئەوە بۆچی ماوەی زیاتر لە سەد ساڵە ئیمەی کورد یەکەمی دۆراوەکانین لە جیهانی دەورەبەرمان بەمەش نارەحەت بن؟ تۆ بلێی بۆ جارێکیش بێت بیرکەینەوە کە گەورەبوونی مرۆڤ پەیوەندی بەدەسەلات ، داهات و کۆشك و تەلار نییە؟ بیر لەوە بکەینەوە ئەگەر من و تۆ لە لوتکەی دەسەلاتی ئەمرۆی کوردیشدا دابن، لە ڕاستیدا کورد دۆراوی بێ ڕەکابەرە لە رەوەرەوەی مێژووی نوێی ئەگەر مرۆڤایەتیش نەبێت بێشەك لە مێژووی دوەرەبەرمان! هیوادارم هەموو سیاسی کورد، ڕاستی، چەپی، دینی، نەتەوەیی و لیبرالی، ... تاد هەست بەم شکستە مێژووییە بکەن ، دان بەم شکستە مێژوویە بنێن. ئەم شکستەش هاندەر بێت کە سەدەیەکی تریش ئێمە لەم حالەتدا نەمێنینەوە. پێویست ناکات سەد ساڵی داهاتوش وەك سەد سالی ڕابردوو بەرێبکەین. لە ئێستادا خەباتکردن ئاسانترە لە سەدی ڕابردوو ؛ مانەوە پێویستی بە رووباری خوێن نییە.

لە ئێستادا ولات پێویستی بەخەمخۆرە، بە قولایی بیرکردنەوەیە، بەدەست ڕاگەیشتن بەزانست و پێشەسازییە. پێویستە لە مەلاس دابین بۆ قۆستنەوەی فرسەتەکان هەرچەندە بچوکیش بێت بۆ سەرخستی کێشەکەمان. هیوادارم تاکی کورد، سیاسی کورد لەوە بگات دوژمنی کوردستان لەدەرەوەی سنوور و شارەکانی کوردستانە. هیوادارم لە جیاتی دابەشکردنی هەرێمێك بۆ چەند پارچە بۆ جاریكیش بێت سەرکردەیەکی کورد بتوانێ هەموو کورد بە جیاوازی رەنگ و دەنگیان لە ژێر یەك چەتردا کۆبکاتەوە. هەر هەولێك لەم ڕاستاییە بدرێت کارێکی مێژووییە ، سەروەریە و بەراورد بە گەنجینەی قارونیش ناکرێت.