شاندێکی تورکی بۆ بەدەستهێنانی فڕۆکەی F-16 دەچێتە ئەمریکا

جیهان

10/08/2022‌ 773 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی تورکیاو بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵای ئەو وڵاتە سەردانی ئەمریکا بکات بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ بەڵێنێکی پێشووتری جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی جۆری F-16 بەتورکیا.


خڵوسی ئاکاری وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایگەیاندووە، شاندەکەی تورکیا ڕۆژی دوشەممەی داهاتوو دەگەنە واشنتۆن، ئەویش لەسەر بنەمای بانگهێشتی بەرپرسانی ئەمریکا، بێئەوەی ناوی ئەو بەرپرسانە ئاشکرابکات.

وەزیری بەرگریی تورکیا جەختیکردۆتەوە، ئەنکەرە بەو مەرجانە ڕازینابێت کە ئەندامانی دیاری کۆنگرێس بۆ فرۆشتنی ئەو فڕۆکەیە بەسەر تورکیایاندا سەپاندووە بەوەی نابێت سوپای تورکیا ئەو فڕۆکەیە لەهیچ جۆرە ململانێیەکی سەربازیی لەگەڵ یۆناندا بەکاربهێنێت.

ئاکار ئاماژەی بەوەکردووە، ناتوانین ئەو مەرجانە قبوڵبکەین، بۆیە هیوادارین ئەنجومەنی پیران دەستبەرداریی ئەو مەرجانە بێت.

تورکیا لەساڵی 2019 بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئێس 400ی ڕوسییەوە لەلایەن ئەمریکاوە لەبەرنامەی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی شەبەحی جۆری F-35 کرایە دەرەوە، کە وابڕیار بوو نزیکەی 100 دانە لەو فڕۆکەیە ڕادەستی تورکیا بکات.

بەڵام لەپەراوێزی دوایین کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لەوڵاتی ئیسپانیا، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا دوای دیدارەکەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، ئیدارەکەی پشتیوانی فرۆشتنی فڕۆکەی جۆری F-16 بەتورکیا دەکات‌و پێیوایە، ئەو هەنگاوە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەکات.

لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەیەک لەئەندامی دیاری ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە، ناتوانن ڕەزامەندی بەفرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی بەتورکیا بدەن تاوەکو دڵنیانەبن ئەنکەرە ئەو فڕۆکانە لەململانێی سەربازیی لەگەڵ یۆناندا بەکارناهێنێت.

بەپەلە