چوارچێوەى هەماهەنگی لەژێر فشاری سەدر دا بڕیارێکی نوێ دەدات

عیراق

11/08/2022‌ 2571 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی فەتح ئاشکرای کرد کە چوارچێوەی هەماهەنگی گفتوگۆ لەبارەی گۆڕینی محەمەد شیاع سودانی کاندیدی سەرۆک وەزیرانەوە دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، موعین کازمی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی هاوپەیمانی فەتح بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی دەستی بەگفتوگۆکان کردووە بە ئامانجی دەستنیشانکردنی گۆڕینى(محەمەد شیاع سودانی) کاندیدی سەرۆک وەزیران ئەوەش لەپێناو ئەوەى پێکهێنانى حکومەت پەکی نەکەوێت.

پەرلەمانتارەکەى هاوپەیمانى فەتح جەختیکردەوەتەوە کە پێکهێنانى حکومەت گرنگترین شتە بەلای چوارچێوەى هەماهەنگییەوەو کەمکردنەوەى ناڕەحاتییەکانى گەلی عێراقەکە بەدەست گرفتەکانەوە دەناڵێنێت.

موعین کازمی ئاماژەى بەوەشکردوە کە چوارچێوەی هەماهەنگی پێداگری ناکات لەسەر کاندید کردنی هیچ کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی و کەسیش هێڵی سور نییە و دەکرێت گفتوگۆ لەسەر کاندیکردنى کەسانی دیکەش بکرێت کە هەموان پێی رازی بن.

هەروەها ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانى فەتح ئەوەشى خستەڕوو کە  هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان پێویستی بە کۆدەنگی هەموو لایەنەکان هەیە.

هاوکات ئەوەشى روونکردوەتەوە کە هەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستی بە پلان و بەرنامەیەک هەیە گرەنتی سەرکەوتنەکەی بکات. جگە لەوەی هەندێک لەلایەنەکان داوای هەموارکردنی چەند بڕگەیەکی یاسای هەڵبژاردن دەکەن و داوای دەستنیشانکردنی کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەکەن، هەموو ئەمانەش پێویستی بەکات و کۆبوونەوەی لایەنەکان و گفتوگۆکردن هەیە.

س.هـ