له‌ناوخۆى توركیاوه‌ ناڕه‌زایی دژى له‌شكركێشى ئه‌و ووڵاته‌ بۆسه‌ر كوردستان به‌رزده‌بێته‌وه‌

کوردستان

12/08/2022‌ 1554 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەدان ڕۆشنبیر و نووسەر و ئەکتەر و ئەکادیمی تورکیا و باکووری کوردستان بەیاننامەیەکی هاوبەش دەردەکەن و تێیدا دژایەتیی خۆیان بۆ هەر جۆرە لەشکرکێشییەکی گریمانکراوی سوپای تورکیا بۆسەر باکووری سوریا (رۆژئاوای کوردستان) دەردەبڕن.


رۆژنامەی زەمانی تورکی بڵاویکردۆتەوە، ٣٠٨ نووسەر و رۆشنبیر و ئەکادیمی و ئەکتەری باکووری کوردستان و تورکیا لەبەیاننامەیەکدا هەر جۆرە لەشکرکێشییەکی سوپای تورکیایان بۆسەر رۆژئاوای کوردستان ڕەتکردۆتەوە و رایانگەیاندووە کە ئەو هێرشە هیچ پاساوێکی ڕەوانی نییە و باسکردن لە بوونی دوژمنێک کە لەدیوی سوریاوە هەڕەشە لە تورکیا بکات پاساوێکە لەلایەن پارتی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتەوە درووستکراوە.

ئەوەش هاتووە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گریمانکراوەکە جگە لە پارتی دەسەڵاتدار سوودی بۆ هیچ لایەک نییە و زیانی گەورەش بەگەلی تورکیا دەگەیەنێت، جگە لەوەی دەبێت گەنجان لەسەر خاکی وڵاتێکی بیانی شەڕبکەن و شەهید ببن، ئەوەش تەنیا لەپێناو مانەوەی پارتی دەسەڵاتدار، نەوەک لەپێناو خاک و نیشتیمان.

بەیاننامەکە سەرکۆنەی بێهەڵوێستی هاوپەیمانی شەش لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیای بەرانبەر بەو بارودۆخە کردووە و باسی لەوەکردووە کە دەرنەبڕینی هەڵوێستێکی لێبراوانە دژ بە سیاسەتی شەڕخوازانەی پارتی دەسەڵاتدار، مانای تێوەگلانی ئەوانیش لەو خوێنڕشتن و ئەو تاوانانە دێت کە دەرحەق بە مرۆڤایەتیی و تورکیا و گەلەکەی دەکرێت.

توركیا له‌هه‌ردوو به‌شى باشورو رۆژئاوا به‌بیانوى چه‌كدارانى په‌كه‌كه‌و دروستكردنى ناوچه‌ى ئارام ئۆپه‌راسیۆنى سه‌ربازى ئه‌نجام ده‌دات و به‌قوڵاى سه‌دان كیلۆمه‌تر چوه‌ته‌ سنورى هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ى كوردستان.
 

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی