ئەوقافی چۆمان لەسەر دوورخستنەوەى مامۆستایەکى ئاینى روونکردنەوە دەدات

کوردستان

12/08/2022‌ 1312 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەوقافی قەزای چۆمان لەسەر دوورخستنەوەى ەهدی ڕەزانی مامۆستایى ئاینى روونکردنەوە دەدات و دەڵێت"مامۆستا چەند جارێک ئێمەی ئاگادار کردۆتەوە کە وتاری هەینی پێشکەشناکەم لەبەر چەند هۆکارێکی تایبەت بەخۆی و گوندەکەی".

لە روونکردنەوەکەدا کە وێنەیەکى بۆ شارپرێس نێردراوە هاتووە"(م. مەهدی کاک احمد) ڕەزانی مامۆستای پەروەردەیە، پێشنوێژو وتارخوێنی خۆبەخشە لەسنوری تێبینەرایەتیمان لەهەمان گوند، مامۆستا چەند جارێک ئێمەی ئاگادار کردۆتەوە کە وتاری هەینی پێشکەشناکەم لەبەر چەند هۆکارێکی تایبەت بەخۆی و گوندەکەی، ئێمەش بەپێ ی توانا قسەمان لەگەل خەلکی ئەو گوندە کردووە و کێشەکەمان بۆ چارەسەر کردووە و پێمان گوتووە لە وتاردان بەردەوام بێت".

ئەوقافی چۆمان باسى لەوەشکردوە، ئەو مامۆستا ئاینییە بەبێ ئاگاداری ئەوان ئەمڕۆ هەینی وتاری هەینی پێشکەش نەکردووە و خەڵکەکەش نیگەرانی خۆیان نیشاندا لەم دۆخەی ئەمڕۆ.

هەروەها لە روونکردنەوەکەشدا ئەوە هاتووە، ئەوەی کە بڵاو بووەتەوە لە هەندێک کەناڵ وپەیج بەبێ ئەوەی لەراست و دروستی بابەتەکە بکۆڵنەوە شتی بێ بنەما بڵاو دەکەنەوە کە گوایە مامۆستای ناوبراو لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دوور خراوەتەوە دوورە لە ڕاستی، چونکە نە بە نوسراوی فەرمی نەبە تێل نە بە قسە هیچ کەسێک بە مامۆستای نەگوتووە وتار نەخوێنێتەوە.

لە کۆتایشدا ئەوقافی چۆمان روونکردوەتەوە کە ئەو مامۆستا ئاینییە بەبێ ئەوەى ئەوان ئاگادار بکاتەوە مزگەوتی جێهێشتووە، دەشڵێت"ئەگەر ئێمە مامۆستا لابدەین دەبێت مامۆستایەکی تر بۆ هەمان مزگەوت دابین بکەین وەکو ئەرکێکی ئایینی و ئیداری، بەلام بەداخەوە بێ ی ئاگادارکردنەوەمان مامۆستا ئەمرۆ وتاری نەخوێندۆتەوە".

پێشتر شارپرێس بڵاویکردەوە کە  ئەمڕۆ هەینی لە گوندی ڕەزانی سنوری دەڤەری باڵەکایەتی مامۆستا مەهدی ڕەزانی ئاگادارکراوەتەوە وتاری هەینی لە گوندەکە ئەنجامنەدات و لە کارەکەی دوورخراوەتەوە . 

ئاماژەی بەوەشدا، مامۆستا ئاینیەکە  لەلایەن ئەوقاف ئاگادارکراوەتەوە ناتوانێت هیچی دیکە لە گوندەکە وتاربدات، چونکە لە کارەکەی دووخراوەتەوە .