پارتی‌و سوننەکان داوای ڕونکردنەوە لەسەدر ده‌كه‌ن

کوردستان

13/08/2022‌ 9676 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار، بەشێک لەلایەنە سیاسییە کوردیی‌و سوننییەکان داوایان لەڕەوتی سەدر کردوە تیڕوانینیان بۆ نەخشەی گۆڕانکارییەکانی ئایندە لەبارەی دەستورو پڕۆسەی سیاسییەوە ڕون بکاتەوە.


ئەو سەرچاوانە کە قسەیان بۆ بەشێک لەمیدیا  عێراقییەکان کردووە باسیان لەوەکردوە، ژمارەیەکی زۆر لەلایەنە سیاسییە کوردیی‌و سوننییەکان لەناویاندا پارتی دیموکراتی کوردستان، لەداواکارییەکانی موقتەدا سەدر بۆ گۆڕینی دەستورو چاکسازیی لەپرۆسەی سیاسیی‌و هەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان‌و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە نیگەرانن.

ئەوەش هاتووە، "لەماوەی ڕابردودا ئەو لایەنانە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆو لەڕێگه‌ی چەند کەناڵێکەوە پەیوەندییان بەسەرکردەکانی ڕەوتی سەدرەوە کردووە بۆئەوەی تێڕوانینی ئەو ڕەوتە لەسەر گۆڕانکارییەکان‌و میکانیزمی جێبەجێکردنیان بزانن، بەتایبەت ترسی ئەوە هەیە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان وڵات بەرەو هەڵدێرو نائارامیی بەرێت، ئەویش لەژێر سایەی بونی حکومەتێکی کاربەڕێکەر کە بەشێکی زۆر لەلایەنەکان پێیانوایە لەچەندین دۆسییەدا شکستیهێناوە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەو هێزە سیاسییانە زۆر دەترسن دەست بۆ هەندێک دۆسیەی هەستیاری وەک هەموارکردنەوەی دەستورو گۆڕینی شێوازی ئیدارەدانی دەوڵەت بەرن، بەوپێیەی ئەو گۆڕانکارییانە دەبێت لەدۆخێکی ئارام‌و سەقامگیردا بکرێن‌و سازانی نیشتیمانییان لەسەربێت، ئەگەرنا دەرگای وڵات بەڕوی چەندین قەیرانی تردا دەکاتەوە.