لەحه‌وت ڕۆژدا زیاتر له‌ 3هه‌زار ئۆتۆمبێلی نوێ لەهەرێم تۆمارکراون

کوردستان

13/08/2022‌ 4566 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەرمانگەی میدیاو زانیاری ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئاشكرایكردوه‌، له‌ماوه‌ى حه‌وت ڕۆژدا لەبەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ له‌هەرێم 3 هەزارو 89 ئۆتۆمبێلی نوێ تۆمارکراون‌و هه‌ر له‌و حه‌وت ڕۆژه‌شدا 29 هەزارو 686 سەرپێچی هاوتوچۆیی تۆمارکراون.


بەگوێره‌ى ڕاگەیەنراوێکی فەرمانگەی میدیاو زانیاری کە وێنەیەکی دەست شارپرێس کەوتوە، ناوه‌ڕۆكى ئامارێكى وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم ئاشكراكراوه‌ له‌باره‌ى تۆماركردنى ئۆتۆمبێلى نوێ له‌هه‌رێم‌و هاوكات تۆمارى سه‌رپێچیه‌كانیش له‌و ماوه‌یه‌دا.

ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، لەهەفتەیه‌كدا واتە لە 5ی ئابی 2022 تاوەکو 11ى ئابى 2022، لەبەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی هەرێم 3 هەزارو 89 ئۆتۆمبێلی نوێ تۆمارکراون‌و كه‌ دوو هەزارو 158 ئۆتۆمبێلیان لەپارێزگای هەولێرو 650 ئۆتۆمبێلیان لەپارێزگای سلێمانی‌و 281 ئۆتۆمبێلیان لەپارێزگای دهۆک بوون.
 
ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، لەماوەی ئەو هەفتەیەدا 934 ئۆتۆمبێل تابلۆکانیان گۆڕیوە بۆ تابلۆی نوێ، کە 652 ئۆتۆمبێلیان لەپارێزگای هەولێرو 70 ئۆتۆمبێلیش لەپارێزگای سلێمانی‌و 114 ئۆتۆمبێلیان لەپارێزگای دهۆک‌و 94 ئۆتۆمبێلیان لەئیدارەی سەربەخۆی سۆران‌و 4 ئۆتۆمبێلیان لەئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوون.

هه‌روه‌ك باسى پێدانى مۆڵه‌تى شۆفێریش كراوه‌ كه‌ تێیدا هاتووه‌، له‌هه‌فته‌یه‌كدا هەزارو 391 مۆڵەتی شۆفێری بۆ یەکەمجار دراوە بەهاوڵاتییان کە 397 مۆڵەتیان لەپارێزگای هەولێرو 347 مۆڵەتیان لەپارێزگای سلێمانی‌و 288 مۆڵەتیان لەپارێزگای دهۆک‌و 56 مۆڵەتیان لەپارێزگای هەڵەبجەو 104 مۆڵەتیان لەئیدارەی سەربەخۆی سۆران‌و 40 مۆڵەتیان لەئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان‌و 105 مۆڵەتیش لەئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین‌و 54 مۆڵەتیان لەئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوون.

هەر بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی ناوخۆ باس له‌ڕوداوه‌كانى هاتوچۆ له‌و هه‌فته‌یه‌دا كراوه‌ به‌مشێوه‌یه‌، لەماوەی ئەو هەفتەیەدا 67 ڕوداوی هاتوچۆ ڕویانداوە کە 18یان لەهەولێرو 13یان لەپارێزگای سلێمانی‌و هه‌شتیش لەدهۆک‌و دوویان لەهەڵەبجەو پێنجیش لەئیدارەی سەربەخۆی سۆران‌و 10 ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان‌و  پێنجیش لەئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین‌و 6یش لەئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوون.
 
باسى سه‌رپێچیه‌كانى هاتوچۆش له‌حه‌وت ڕۆژدا له‌هه‌رێم كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ش وه‌زاره‌تى ناوخۆ ئاشكرایكردوه‌، 29 هەزارو 686 سەرپێچی هاوتووچۆیی تۆمارکراوە زۆرترینیان له‌دهۆك بووه‌و كه‌مترینیش له‌هه‌ڵه‌بجه‌ بوه‌.

له‌و ڕووه‌وه‌ هاتوه‌، "له‌و ڕێژه‌ سه‌رپێچیه‌ 3 هەزارو 328یان لەپارێزگای هەولێرو 8 هەزارو 888یان لەپارێزگای سلێمانی‌و 11 هەزارو 587یان لەدهۆک‌و 35یان لەپارێزگای هەڵەبجەو 168 لەئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 509 لەئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، 70 لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، پێنج هەزارو 101یان لەئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوون.

ش.هـ

بەپەلە