شارپرێس:
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن ژمارەیەک لەزاناکانی زانکۆی "گلیڤ"ی کەنەدییەوە ئەنجامدراوە، گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە دەستکراوەیی ڕۆڵێکی گرنگی لەسەرنجڕاکێشانی نێوان ڕەگەزی نێرو مێدا هەیە، بەشێوەیەک هەردوو ڕەگەز ئەوکەسەیان خۆشتر دەوێت کە دەستکراوەو سەخاوەتمەندە، بەتایبەت کاتێک بابەتەکە پەیوەندیی بەدرووستکردنی پەیوەندیی درێژخایەنو هاوسەرگیرییەوە هەبێت.
لێکۆڵینەوەکە کە لەسەر سامپڵێک کراوە کە لە150 ئافرەتو 155 پیاو پێکهاتووە، تێیدا وێنەو کورتەی ژیانی کەسەکەو ڕیزبەندیی سەرنجڕاکێشیانو ڕادەی ئامادەیی بۆ درووستکردنی پەیوەندیی خۆشەویستی کورتمەوداو مەودا درێژخراوەتەڕوو، کە لەهەنێک حاڵەتدا زانیاریی تری پەیوەست بەسەخاوەتمەندیی کەسەکانو بەشداریکردنیان لەکارە خێرخوازییەکان زیادکراوە.
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە ئەوەی پیشانداوە کە زیادکردنی خەسڵەتی دەستکراوەیی بۆ سیفەتەکانی تری کەسەکان ڕۆڵێکی گرنگی لەزیادبوونی سەرنجڕاکێشییان لای کەسی بەرامبەر هەبووەو ئامادەییان بۆ دروستکردنی ژیانی هاوسەرگیریی زیادیکردووە.
لێکۆڵینەوەکە جەختیکردۆتەوە، بەتایبەتی ئافرەتان زۆر بەخەسڵەتی دەستکراوەیی پیاوان سەرسامن، لەکاتێکدا بەشێکی کەمی پیاوەکان ئەو خەسڵەتەی ئافرەتەکانیان زۆر بەلاوە سەرنجڕاکێش نەبووە.
و: ئاکۆ ئاڵی