بەرپرسێکی "CIA" پێشنیازی لەسێدارەدانی ترەمپ دەکات

جیهان

14/08/2022‌ 1484 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی هەواڵگریی ئەمەریکا (سی ئای ئەی)  تویتێکی جێ مشتومڕی مێژوونووسێکی ئەمەریکی شەیر کردووە کە تێیدا ناوی ئەو کەسایەتییە مێژووییانەی بڵاوکردۆتەوە کە بەهۆی دزەکردنی زانیاریی نهێنی ئەتۆمیی بۆ حکومەتە بیانییەکان لە سێدارە دراون، ئەمەش لای چاودێران وەک پێشنیازێک بۆ لەسێدارەدانی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بەهۆی بردنی بەڵگەنامەی ناوەکیی هەژمارکراوە.

ئەم تویتەی مایکڵ بیچلۆسی مێژوونووس و شرۆڤەکاری MCNBC  لەلایەن شرۆڤەکارە پارێزکارەکانەوە رەخنەیەکی توندی لێگیراوە و وەک پێشنیارێکی ڕواڵەتی بۆ لەسێدارەدانی سەرۆکی پێشووی دۆناڵد ترەمپ هەژمارکراوە، ئەویش راستەوخۆ دوای ئەوەی میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویانکردەوە کە ئاژانسی لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکان FBI لەماڵەکەی ترەمپ لە فلۆریدا بەدوای بەڵگەنامەی نهێنیی ناوەکییدا گەڕاون.

بیچلۆس پاشخانی مێژوویی هەموو ئەوانەی خستۆتەڕوو کە چی بەسەر ئەو کەسانەدا هاتووە کە بە شێوەیەکی نایاسایی زانیاریی ئەتۆمی هەڵدەگرن و دەیگوازنەوە بۆ لایەنە نا ئەمریکییەکان، هەروەها لە تویتەکەدا وێنەیەکی هەردوو دوو سیخوڕ جولیۆس و ئیتێل ڕۆزنبێرگی بڵاوکردۆتەوە.

ئەو دوو سیخوڕە لەمانگی حەوتی ساڵی 1953 لەسەر بردنی زانیاریی ناوەکیی بۆ روسیا لەسێدارەدران.

ئەم تویتە سەرنجی مایکل هایدنی بەڕێوەبەری پێشووی هەردوو دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی و سی ئای ئەی ڕاکێشاوە و دەستبەجێ شەیری کردووە و بڵاویکردۆتەوە، کە هاوکات ژەنەراڵێکی خانەنشینکراوی هێزی ئاسمانییە و لە چەندین پۆستدا لە سەردەمی سەرۆکەکان باراک ئۆباما و جۆرج بۆش و بیل کلینتۆن کاری کردووە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی





بەپەلە