بۆچی ئەوانەی دووبارە تووشی کۆڕۆنا دەبنەوە زیاتر مەترسیی تەندرووستییان لەسەرە؟

تەندروستی

14/08/2022‌ 662 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

زانایەکی بواری سیستەمی بەرگریی جەستەی مرۆڤ لە روسیا بە رۆژنامەی " ئیزڤیستیا"ی وتووە کە دوای هەموو تووشبوونێک بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، کاریگەرییە نەرێنییەکانی ڤایرۆسەکە لەسەر تەندرووستی مرۆڤ قورستر دەبێت.

 نیکۆلای کریوچکۆڤ لەچاوپێکەوتنەکەیدا بە رۆژنامە رووسییەکەی وتووە: مەترسیی دووبارە تووشبوونەوە بە کۆڕۆنا لەوەدایە کە دوای هەموو تووشبوونەوەیەک ئاکامی تەندرووستیی مەترسیدارتری لێدەکەوێتەوە، تەنانەت لەناو کەسانی ساغ و ئەوانەی لەناوەراستی تەمەنیاندان.

وتوشیەتی: دووبارەبوونەوەی تووشبوون بە کۆڕۆنا وادەکات کەسەکە هەست بە وڕیی و سەرئێشە و دڵەڕاوکێ و نەمانی تەرکیز و تەنانەت خەمۆکیش بکات.

هەروەک دەڵێت: جگە لەمانە، کەسەکە ئارەقکردنەوەی زیاد دەکات و لێدانی دڵیشی خێرادەبێت، لای هەندێک کەسیش دەبێتە هۆی رووتانەوەی قژ و نەمانی هەستی بۆنکردن، بەڵام دوای دەرکەوتنی شێوەگۆراوی ئۆمیکرۆن، تاڕاددەیەک ئەو نیشانانە نەمان.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە حاڵەتەکانی دووبارەبوونەوەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆتە بابەتێکی باو و زۆرکەس تووشی دەبێتەوە.

بەوتەی ئەو پسپۆرە ڕووسییە، دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر یەکەم کوتانی دژە کۆڕۆنا، واباشترە کوتانی دووەمیش بکرێت، بۆئەوەی سیستەمی بەرگریی کەسەکە بەهێز بکرێت و پێشگریی بکات لە تووشبوون بە شێوە توندەکەی نەخۆشییەکە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی