مۆڵەتی ئەلیکترۆنی رێگایەکى دیکە بۆ کێشانەوەی پارەیەکی زۆرتر لە هاوڵاتیان

کوردستان

25/08/2022‌ 1506 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەگەرمەی نارەزایی هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران و شارەزایانی بواری هاتوچۆدا لە دانانی کامێراکانی چاودێری شەقامەکان لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین، لە پڕێکدا و لە بەیانیەکدا لە هەولێرەوە سەرۆکی حکومەت سوپرایزێکی نوێی پێشکەشی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد.

سوپرایزێک کە بە دەستکەوتێکی گرنگ و گەورەی بواری هاتوچۆ پێناسە دەکرێت و دەشبێتە بارگرانییەکی نوێ بۆ گیرفانی هاوڵاتیان لەپاڵ ئەو هەموو ڕسومات و باج و سزایانەی کە سەپینراوە بەسەر شۆفێراندا لە مامەڵەکانی تایبەت بە هاتوچۆدا.

سوپرایزێک کە ڕسوماتی نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری بۆ زیاتر لە هێندەو نیوێک لە جاران زیاتر کرد و بە ڕێژەی بیرکاریانە لەسەدا ٦٢ زیادی کردوە و لە ٤٠ هەزار دینارەوە ڕسوماتەکەی گەیاندە ٦٥ هەزار دینار و ئیدی بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری دەبێت هاوڵاتیان لە بری ٤٠ هەزار دینار ٦٥ هەزار دینار بدەن.

زیادکردنی ئەو پارەیە لەسەر شۆفێران لە کاتێکدایە کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە بەردەوام و بە بڕیاری حکومەت ڕسومات و باج و سزای سەر شۆفێران لە سەرجەم بوارەکانی هاتوچۆ چەند قات کراوەو پارەیەکی زۆر خەیاڵی لە شۆفێران وەردەگیرێت بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان لە بەرێوەبەرێتیەکانی هاتوچۆ، بە جۆرێک لە نێو هاوڵاتیاندا بوە بە نوکتە کە دەوترێت هەرکات ئیشێکی بەرێوەبەرێتی هاتوچۆت هەبوو دەبێت مووچەی یەک مانگی تەواوت تەرخان بکەیت بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانی هاوتوچۆ .

وەک بەناوکردنی ئۆتۆمبێل و نوێکردنەوەی ساڵنامەو مۆڵەتی شۆفێری و تۆمارکردنی یەکەمجاری ئۆتۆمبێل ، کە هەموو ئەم رسومات و باجانە لە ماوەی دو ساڵی رابردودا بەرێژەی لەسەدا سەد وپەنجا تا دوو سەد زیادیان کردوە و بوەتەبارگریانیەکی نوێ لەسەر شۆفێران.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک یەکەم کەسی هەرێمی کوردستان و وەک دەستکەوتێکی نوێی کابینەکەی چوە بەردەم پۆلیسی هاتوچۆ و مۆڵەتی ئەلیکترۆنی دەرهێناو ئاماژەی بەوەکرد کە ئەمە هەنگاوێکی نوێ و گرنگی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ڕێکخستنی بواری مۆڵەتی شۆفێری بە پێی ستانداردە جیهانیەکان، بەڵام ئەوەی باسنەکرد کە هەنگاوەکانی حکومەت چ بارگرانیەک لەسەر هاوڵاتیان و شۆفێران زیاد دەکات لە کاتێکدا کە هەر پرۆژەیەک کە بە دەستکەوت ناو دەبرێت دەبێت لە سەرجەم ڕوەکانەوە بۆ هاوڵاتیان کار ئاسانی بێت نەک بارگرانی زیاد بکات.
بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک بلێی بە مەبەست بە بێدەنگی جێبەجێیان کردبێت و هیچ کەس لێی ئاگادار نەبوو تا سەرۆکی حکومەت چوە بەردەم ئەفسەرەکەی هاتوچۆ و گۆڕانکاریەکەی راگەیاند کە بە قسەی چاودێران ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەحکومەت پێی وابوە ئەگەر ببێتە باسی نێو شەقام و میدیاو چاودێران بە بڕیارەکە بزانن ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە ڕەنگە حکومەت ناچار بە گۆرانکاری یان دواخستنی گۆرانکاریەکە بکات، بەڵام ئێستا بوەتە ئەمری واقیع و هیچ دەرفەتێک بۆ هەڵوەشاندنەوە یان گۆرانکاری لە چۆنێتی جێبەجێکردن و کەمکردنەوەی رسوماتەکەی نەماوە.

بە جۆرێک کرایە سوپرایز و لەپڕ ڕاگەیانراو ئەو هاولاتیانەی چوبونە نێو بەرێوەبەرێتی هاتوچۆی هەولێر بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان ئامانجیان بوو بەهەمان سیستەمی کۆن مۆڵەتەکانیان نوێ بکەنەوە، خۆیان ئامادەکردبوو ٤٠ هەزار دینار بۆ ڕسوماتی نوێکردنەوەکە وەربگیرێت، کەچی لە پرێکدا پێیان راگەیانرا ئیدی دەبێت ٦٥ هەزار دینار بدەن و مۆڵەتێکی ئەلیکترۆنی بخەنە گیرفانیەوە نەک مۆڵەتە کۆنەکە.

جێبەجێکردنی گۆرانکاریەکەو پێدانی مۆڵەتی ئەلیکترۆنی بە شۆفێران لە هەنگاوی یەکەمدا لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک دەبێت و بڕیار وایە لە دوو هەفتەی داهاتوشدا لە پارێزگای سلێمانیش جێبەجێ بکرێت.

فازیل حاجی وتەبێژی بەڕێوەبەرێتی گشتی هاتوچۆی هەولێر لە دیدارێكی میدیاییدا سیستەمە نوێکەی وەک دەستکەوتێکی گرنگ بۆ حکومەتی هەرێم ناساند و باسی لە گرنگی مۆڵەتە نوێکە کرد کە بە چەند گروپێک مۆڵەتەکان پۆلێن کراون و سیستەمەکە لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتودا بەکار دێت.

وتەبێژەکەی هاتوچۆی هەولێر لەگەڵ باسکردن لە گرنگی سیستەمەکە باسی لەوەشکرد بڕە پارەیەک لەسەر هاوڵاتیان زیادکراوەو لەمەودوا لەبری ٤٠ هەزار دینار ٦٥ هەزار دینار وەردەگیرێت لە هەرکەسێک کە مۆڵەتی بەسەرچوبێت و بۆ نوێکردنەوەی سەردانی بەڕێوەبەرێتیەکانی هاتوچۆ بکات، بۆ ئەوکەسانەشی کە مۆڵەتەکانیان بەسەر نەچوەو مەبەستیانە مۆڵەتە نوێکە بەدەستبهێنن پارەکەیان بۆ دوو هێندە دەکرێت و بڕی ١٣٠ هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت بۆ گۆڕینی مۆڵەتەکانیان.

زیادکردنی ڕسومات وباج و سزاکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردساتنەوە رۆژ بەرۆژ زیاد دەبێت و سەرجەم سێکتەرەکانی گرتۆتەوەو هاوڵاتیانیش باس لەوە دەکەن ماندوو بوون بەدەست پێدانی ئەو هەموو پارەیەوە لەژێر ناونیشانی جیاواز و لە ڕێگەی جیاوازەوە، چیدی ناتوانن بەرگەی ئەو هەموو باج و رسومات و سزایانە گرن کە حکومەتی هەرێم بەسەریاندا دەیسەپێنێت.