شارپرێس:
به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "سلێمانى فه‌قیرترین پارێزگایه له‌ده‌رمان‌و له‌باره‌ى نه‌بونى بودجه‌و ده‌رمانیشه‌وه فه‌قیرترینه"، ده‌شڵێت:"پزیشك‌و ده‌رمانسازه‌كان كارێكى نائه‌خلاقى ده‌كه‌ن ده‌رمان له‌سه‌ر نه‌خۆش گران بكه‌ن".
ئه‌مڕۆ له‌شارى سلێمانى‌و بۆ یه‌كه‌مجار له‌سه‌ر ئاستى عێراق دیدارى ده‌رمانسازان به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه بۆ یه‌كه‌مجاره ئه‌م كۆنفرانسه له‌سه‌ر ئاستى عێراقیش سازده‌كرێت‌و له‌لایه‌ن سه‌ندیكاى ده‌رمانسازانى كوردستانه‌وه سه‌رپه‌رشتیده‌كرێت.
له‌ده‌ستپێكى دیداره‌كه‌داو له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا كه په‌یامنێرى شارپرێس ئاماده‌یبوو، د.سه‌باح هه‌ورامى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى باسى ده‌رمان‌و كێشه‌كانى ده‌رمانى له‌سلێمانى كرد‌و ئاشكرایكرد، "ئێمه وه‌كو سلێمانى فه‌قیرترین پارێزگاین، له‌باره‌ى بودجه‌ى ده‌رمان‌و نه‌بونى ده‌رمانیش بۆ نه‌خۆش هه‌ر فه‌قیرترینین، به‌ڵام چالاكیه ته‌ندروستیه‌كان له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم‌و عێراقیش زۆرترین چالاكیه‌كان زانستیه‌كان له‌سلێمانى بوه".
وتیشى:"ده‌رمان له‌سه‌ر ئاستى جیهان‌و عێراق كێشه‌یه‌كى زۆر گه‌وره‌یه، به‌ڵام ڕونتر كاریگه‌ریه‌كه‌ى له‌سه‌ر سلێمانى ده‌بینرێت".
به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى له‌باره‌ى هێنانى ده‌رمانیش بۆ ده‌رمانخانه‌كان ئاشكرایكرد، "بەشێکی زۆر لەدەرمانی ھەرێم لەڕێگەی قاچاخەوە ھاوردە دەکرێت، بەشێکی زۆری دەرمانیش بەھۆی پەیوەندیی‌و ڕێککەوتنی نێوان پزیشک‌و دەرمانخانەکانەوە ساغدەکرێتەوە بەسەر ھاوڵاتیاندا، كه ئه‌وه كارێكى نا ڕه‌وشتیه".
هه‌ورامى جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه، "به‌هیچ شێوه‌ك نابێت ڕێگه‌بدرێت ده‌رمان به‌ڕێگه‌ى قاچاخ بێته هه‌رێمى كوردستان‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش نابێت ڕێگه بدرێت ڕێكه‌وتن له‌نێوان پزیشك‌و ده‌رمانخانه‌كان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌گران به‌نه‌خۆشى بفرۆشن، چونكه نرخى ده‌رمان یه‌كێكه له‌و كێشانه‌ى خه‌ڵك به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێت، ئه‌مه‌ش وه‌كو وتم په‌یوه‌سته به‌پزیشك‌و ده‌رمانخانه‌كانه‌وه".
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى بۆچى ڕێگریى ناكه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى وتى:"هێنان‌و داخڵبون‌و چاودێریى كوالێتى ده‌رمانیش، په‌یوه‌ندى به‌ئێمه‌وه نییه، به‌ڵكو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ك هه‌یه له‌وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى به‌ناوى كوالێتى كۆنترۆڵى ده‌رمان، ئه‌و پرسه په‌یوه‌ندیی به‌ئه‌وانه‌وه هه‌یه، به‌ڵام ئێمه داواده‌كه‌ن، گرنگه كوالێتى كۆنترۆڵ چۆن له‌هه‌ولێر هه‌یه له‌سلێمانیش بكرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى وردتر چاودێریی نرخ‌و جۆره‌كه‌ى بكرێت".
له‌باره‌ى داخڵبونى ده‌رمانیش سه‌باح هه‌ورامى ته‌ئكیدیكرده‌وه، "به‌شێكى سه‌رچاوه‌ى هێنانى ده‌رمان بۆ هه‌رێمى كوردستان نه‌زانراوه، ده‌رمانى ته‌زویر هه‌یه‌و ده‌رمانى قاچاخیش هه‌یه، به‌ڵام به‌هه‌موانى ڕاده‌گه‌یه‌نین، مه‌رج نییه هه‌موو ده‌رمانێكى قاچاخ خراپ بێت، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه هه‌موو ده‌رمانێكى ته‌زویر زۆر خراپ‌و مه‌ترسیداره".
بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى ده‌رمانیش د.سه‌باح ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، "تائێستا كێشه‌ى گه‌وره‌ى ده‌رمان هه‌یه له‌سلێمانى‌و ئه‌و بودجه‌یه‌ى بۆ ده‌رمان بۆ سلێمانى ته‌رخانكراوه پاره‌كه نه‌دراوه".
بۆ یه‌كخستنى نرخى ده‌رمان له‌سه‌رتاسه‌رى عێراق، به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى پێشنیازێكى گرنگى ئاشكراكرد‌و ڕایگه‌یاند، "یه‌كێك له‌و پێشنیازانه‌ى هه‌یه ئه‌وه‌یه، پشكنینى ده‌رمان یه‌كبخرێت له‌سه‌رتاسه‌رى عێراق‌و یه‌ك ده‌زگاى پشكنین هه‌بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه تائێستا له‌ناو هه‌رێم جیاوازى نرخ هه‌یه، چۆن ده‌توانین له‌گه‌ڵ عێراق بگه‌ینه ئه‌و ئالیه‌ته‌و له‌گه‌ڵ عێراق نرخه‌كانمان یه‌كبخه‌ین".
كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ترى له‌سه‌ر ئاستى عێراق‌و هه‌رێم ئاشكراكرد‌و وتى:"به‌گوێره‌ى ئه‌و پۆلێنه‌ى هه‌یه هه‌موو 2500 كه‌سێك پێویسته به‌ده‌رمانسازێك هه‌یه، عێراق 40 ملیۆن كه‌سه، به‌ڵام ئێستا نزیكه‌ى 62 هه‌زار ده‌رمانساز له‌سه‌رتاسه‌رى عێراق هه‌یه، ئه‌مه‌ش له‌داهاتودا كێشه‌یه‌كى زۆر گه‌وره دروستده‌كات، نه حكومه‌ت ده‌توانێت دایان بمه‌زرێنێت، نه له‌كه‌رتى تایبه‌تیش ده‌توانن ئیشیان ده‌ستبكه‌وێت، هیوادارم حكومه‌ت پلانێكى تایبه‌تى هه‌بێت بۆ ئه‌و پرسه، چونكه له‌داهاتودا كێشه‌یه‌كى گه‌وره دروستده‌كات".
ش.هـ