قەرزەکان بە چی دراوەنەتەوە؟
لەنێوان داھات و خەرجیدا جیاوازییەکی گەورە ئاشکرا دەکرێت

کوردستان

15/09/2022‌ 1831 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

خستنەڕوی داهات و خەرجییەکانی کابینەی نۆیەم کاردانەوەی دروست کردووە و حکومەتی هەرێم خەرجییەکانی لە داهاتەکەی زیاترن کەچی قەرزیشی داوەتەوە.

 دوای ئەوەی جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کۆی داهات و خەرجییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی لە ماوەی سێ سالی ڕابردودا خستە ڕوو، ناڕونی لە ژمارەکان و بوونی جیاوازی لە نێوان کۆی داهات و خەرجیدا بەشێک لە پەرلەمانتاران و شارەزایانی ئابوریی هێنایە دەنگ.

وتەبێژەکەی حکومەتی هەرێم لە باسکردن لە کۆی داهاتی حکومەت لە سێ ساڵی ڕابردودا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، حکومەت بڕی ٤٦ ترلیۆن و ٣٠٠ ملیار دینار داهاتی هەبووە، بەڵام خەرجییەکانی ٤٩ ترلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینار بوون و بڕێک لە قەرزەکانیشیان داوەتەوە. بەو پێیەش خەرجییەکانی لە داهاتەکەی زیاتر بوون و بڕی ٣ ترلیۆن و ٥٠٠ملیار دیناری زیاتر لە داهاتەکەی خەرج کردووە، لە کاتێکدا هەنا داهات زۆرتر نەبێت لە خەرجی ناتوانرێت قەرز بدرێتەوە، کەواتە ئەگەر خەرجی لە داهات زیاتر بێت چۆن توانراوە بڕێک قەرزیش بدرێتەوە، ئیتر دیار نییە ئەو بڕە پارەیەی چۆن و لە کوێوە دەست کەوتووە و وتەبێژەکەی حکومەتیش هیچ ئاماژەیەکی بەو جیاوازیە و هۆکارەکەی نەکرد.

بەشێک لە پەرلەمانتاران و شارەزایانی ئابوریش باس لەوە دەکەن حکومەتی هەرێم هەرچەندە خۆی دەڵێت شەفافانە وردەکاری داهات و خەرجییەکانی دەخاتە ڕوو، بەڵام تەنیا ژمارە باس دەکات و ئاماژەی بە وردەکاری سەرچاوەی داهات و خەرجییەکان نەکردووە، دیاریش نییە چەندی ئەو داهاتە نەوتی و چەندی نانەوتی و چەندی تریشی گومرگ و خاڵە سنورییەکان پەیدایان کردووە.

جوتیار عادل ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد بۆ یەکەمجارە حکومەتی هەرێم توانیویەتی سەربەخۆیانە و بەبێ پشتبەستن بە پارەی عێراق و بە داهاتی خۆی پارەی تەواوی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات، بەبێ ئەوەی باس لە وردەکاری بڕی تەرخانکراو بۆ موچە بکات، لە کاتێکدا مانگانە بەشێکی پارەی موچە لە داهاتی ناوخۆیی پارێزگاکان تەرخان دەکرێت و ماوەی چەند مانگێکیشە بەردەوام کێشە بۆ موچەی فەرمانبەرانی سنوری سلێمانی دروست دەبێت و حکومەت دەڵێت پارەی پێویستیان ناردووە و دەسەڵاتدارانی سنورەکەش دەڵێن غەدر لە سلێمانی دەکرێت و بەپێی پێویست پارەی بۆ تەرخان ناکرێت.

هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیش ڕەخنەی توندیان لە خستەڕوی داتا و ژمارەکانی حکومەتی هەرێم گرت و دەڵێن ئەو داتا و ژمارانەی بە ناوی بڕی داهات و خەرجییەکانەوە باس دەکرێن تەنیا ڕوکەشی بابەتەکانە و ئەو ژمارە وردانەی کە لە وردەکاری دابەشکردنی بڕی داهات و پارە بەسەر پارێزگا و ناوچە جیاوازەکاندا دەبێت ئاشکرا بکرێن باس نەکراون و بە ناڕونیی ماونەتەوە.

خستەڕوی داتا و زانیارییەکانی کابینەی نۆیەم و ڕەخنەی بەشێک لە پەرلەمانتاران و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ناڕونیی ژمارەکان لە کاتێکدایە، کێشەی ناڕونیی لە داهات و خەرجییەکانی حکومەتی هەرێم چەندین سالە بەردەوامە و لە نێویشیاندا داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەکان دیارترین و گەورەترین ڕەخنەی ڕوبەڕوی حکومەتی هەرێم کردووەتەوە و حکومەتیش بەردەوام باس لە شەفافیەتی داهاتی نەوتی و نانەوتی دەکات و ڕەتی دەکاتەوە هیچ نا ڕونییەک لە داهات و خەرجیدا هەبێت.