شارپرێس:
بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، ئەمریکا سزای سەپاند بەسەر گەورە بەرپرسە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سزای ئابووری سەپاند بەسەر زۆرێک لە بەرپرسە ئەمنییەکانی ئێران بەهۆی گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی( ژینا ئەمینی) و بەکارھێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران.
جانێت یەلین، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا وتی،"ئەم سزایانە پابەندبوونی ڕوونی ئیدارەی سەرۆک جۆ بایدن دەسەلمێنێت لەپێناو بەرەی بەرگریی لە مافەکانی مرۆڤ و مافی ئافرەتان لە ئێران و جیهان".
سزاکان 6 کەسی گرتەوە لەنێوانیاندا فەرماندەی وشکانی لە سوپای پاسداران و سەرۆکی پۆلیسی ئەخلاق و وەزیری هەواڵگریی ئێران.
دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە دژی رژێمی ئێران لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویدا.
س.هـ