کاردانەوەکان فراوانتر دەبن..نھێنیەکانی پشت پرۆژە پێشنیازەکەی توندوتیژی خێزانی چی بوون؟

کوردستان

23/09/2022‌ 2091 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پرۆژە پێشنیازی هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزان و ئافرەت لە هەرێمى کوردستان کاردانەوەی توند و جیاوازی بە دوای خۆیدا هێنا و بەشێک لە پەرلەمانتاران بە تەواوی دژی پرۆژەکەن و بەشێک لە چالاکوان و شارەزایانی بوارەکەش ڕەخنەی توندیان لە پرۆژەکە هەیە و بە مەترسی بۆ سەر خێزان و کۆمەلگای کوردی وەسفی دەکەن، لەلایەکی ترەوە بەشێک لە رێکخراوەکانی ژنان بە زامنی پاراستنی مافەکانی ژنان و تاکەکەنی خێزانی دەناسێن.

دوای ئەوەی لە لایەن بەشێک لە ڕێکخراوەکان و چالاکانی بواری مافەکانی ژنان پرۆژەی هەمواری یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان خرایە بەردەم حکومەت و حکومەتی هەرێمیش خستیە بەردەم پەرلەمانی کوردستان، لە دانیشتنی یەکەمی پەرلەماندا لە بارەی پرۆژەکەوە کاردانەوەی توندی بەشێک لە پەرلەمانتارانی لێکەوتەوە و بەشی هەرە زۆری خاڵ و مادەکانی پرۆژەکەیان ڕەتکردەوە و بە دژی خێزان و کۆمەڵگای کوردییان پێناسە کرد.

لە هەمان کاتدا بەشێک لە پەرلەمانتاران لە لێدوانیاندا بۆ شارپرێس ئاماژەیان بەوەکرد پرۆژە پێشنیازکراوەکە چەند مادەیەکی مەترسیدارتری تێدابوە بۆ خێزان و کۆمەڵگە، بەلام پێش ئەوەی بێتە ناو هۆڵی پەرلەمانەوە لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەکانەوە لابراون، بە نمونەی رەوایەتیدان بە دیاردەی هاورەگەزخوازی و مارەکردنی کچ و کور لەدەرەوەی رەزامەندی خێزان و رەوایەتیدان بە هەندێک دیاردەی دژ بە عورف و داب و نەریتە کۆمەڵایەتیەکان.

لەسەر ئاستی کۆمەڵگاش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنران بە گلەی و دژایەتیکردن و هاوکات پشتگیریکردنی بەشێک لە مادەکانی هەمواری یاساکە.
ئەوەی جێگەی سەرنج بوو تەواوی ڕەخنە و تێبینیی و سەرنجی پەرلەمانتاران و خەڵکیش چووە سەر تەنیا یەک مادەی پرۆژەکە و مادە و خاڵەکانی تر فەرامۆش کران و کەس باسیان لێوە ناکات.

 مادەی دووەمی پێشنیازە یاساکە لە بڕگەیەکیدا باس لە سەرجێییکردنی هاوسەران دەکات و بە زۆر ئەنجامدانی کارەکە بە توندوتیژی دژی ئافرەت حساب کراوە و ئەوەش مشتومڕێکی زۆری هەم لە پەرلەمان و هەم لە دەرەوەی پەرلەمانیش لێکەوتەوە لە کاتێکدا هەمان دەستەواژە لە یاسا کۆنەکەی پەرلەماندا هەیە کە ئێستا بەرکارەو لە ساڵی ٢٠١١ دەرچوێنراوە کە یاساکە خۆی دە مادەیە و لەم هەموارەدا زیاد کراوە بۆ چواردە مادە.

مادەکانی سەرەتای هەموارەکە زۆرتر تەرخان کراوە بۆ ناوی یاساکە و ناساندنی ئەو وشە و دەستەواژانەی کە لە یاساکەدا هاتوون.
لە مادەی سێیەمدا باس لە ئامانجەکانی یاساکە دەکات و لە سێ خاڵدا رونی کردووەتەوە.

ئەوەشی زۆرترین مشتومڕی لێکەوتووەتەوە مادەی چوارەمی هەموارەکەیە کە لە بارەی هەمواری مادەی دووەمی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژییە و کۆمەڵێک کردەوەی خستووەتە چوارچێوەی توندوتیژی خێزانی و دژ بە ئافرەت کە بەشێکیان کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە و لە خودی یاساکەی کە ئێستا بەرکارە بە توندوتیژی هەژمار نەکراون.

خاڵەکانی ئەم مادەیە حەڤدە خاڵە و لەو هەموو خاڵەش تەنیا خاڵی سیازدەیەم مشتومڕی زۆری لە بارەوە کرا و خەڵکێکی زۆر و زۆرینەی پەرلەمانتارانیشی بە خۆیەوە سەرقاڵ کرد.

بەشێک لە پەرلەمانتارنیش ڕەخنەی ئەوەیان لە پرۆژەکە هەیە کە بەپێی ویست نەیتوانیوە ڕەنکردنەوە و وەسفی تەواوی ئەو دەستەواژانە بکات کە لە پرۆژەکەدا بەکار توون، لە نمونەی توندوتیژی دژی خێزانەکەی لە لایەن پیاوەوە کە دەکرێت ئافرەتان بە هەر جۆرێک بیانەوێت تەفسیری هەر کردەوەیەکی پیاو یان کەسوکارەکەیان بکەن و بە توندوتیژی لە قەڵەمی بدەن.

هاوکات بەشێک لە چالاکوانانی بواری ژنان و بەشێکیش لە ڕۆشنبیران پییانوایە لە کۆی حەڤدە خاڵەکەی مادەی چوارەمی هەموارەکە زۆر خالی باش و گرنگی تری تێدایە کە دەبوو قسەیان لە بارەوە بکرێت، بەڵام وەک ئەوەی بە مەبەست و بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی ئەوە کرابێت، ئەو خالە کرایە بابەتی سەرەکی گفتوگۆ  خەڵکی پێوە سەرقال کراوە.

تەنانەت ڕەخنەش لە پەرلەمانتاران گیرا بەوەی نەدەبوو زۆرینەیان هەر لەسەر هەمان خاڵ قسە بکەن.

پچڕاندنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە یەکێک لە خاڵەکانی مادەی چواری هەموارەکەدا بە تاوانی توندوتیژی خێزانی دانراوە، بەڵام هیچ رونکردنەوە و ئاماژەیەک بەوە نەدراوە ئەو پچڕاندنە چۆن و بە چ مەبەستێک بێت و لە لایەن کام لایەنی خێزانەوە بێت ئینجا بە توندوتیژی هەژمار دەکرێت.

خاڵی دووەمی مادەی چوارەمی هەموارەکەش جێگەی سەرنج و تێبینی خەڵک و پەرلەمانترانە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هەر کەسێک بە هەر تاوانێکی توندوتیژی بزانێت دەتوانێت هەواڵ بداتە دادوەری لێکۆڵینەوە یاخود بنکەی پۆلیس، ئەوەش کاردانەوەی دروست کردووە و ڕێگە دەدات هەر کەسێک جا ئەگەر پەیوەندیشی بەو خێزانەوە نەبێت کە گرفتێکی تیادا رویداوە بتوانێت شکات بکات، بەشێک لە خەلک و شارەزایانیش پێیانوایە ئەوە پیچەوانەی نەریتی کۆمەڵایەتیە و کیشەی گەورەی کۆمەلایەتی بە دوای خۆیدا دەهێنیت نەک چارەسەری توندوتیژی بکات.

خالی چوارەمیشی هەر جێگەی مشتومڕە و بەشێک لە پەرلەمانتاران و ڕێکخراوە مەدەنییەکانیش ناوەرۆکی خاڵەکە بە دژبەر بە یاسای مەدەنی دەزانن کە لە ئیستادا لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش بەرکارە، چونکە ناوەرۆکی ئەم خاڵە لە هەموارەکە ڕێگە دەدات لە کاتی هەبوونی هەر حالەتێکی توندوتیژیدا بەبێ بونی سکاڵاکاریش داواکاری گشتی مافی جوڵاندنی سکالای لە دژی کەسێک هەبێت.

لە کاتێکدا بەپێی ئەو یاسا بەرکارەی کە ئیستا لە هەرێم هەیە، هەتا کەسێکی دیاریکراو بە فەرمی سکاڵا لەسەر کەسێک یاخود لایەنێک تۆمار نەکات پۆلیس و  دەزگا فەرمیەکان هیچ مامەلەیەکی لەگەڵ ناکەن.

لە ئیستاشدا بەشێک لە مامۆستایانی ئاینی و بەشێک لە ڕێکخراوەکانی پاراستنی مافی پیاوان باس لەوە دەکەن ناوەرۆکی هەموارەکە تەنیا بۆ بەرژەوەندی ژنانە و هیچ مافێکی پیاوانی تیادا ڕەچاو نەکراوە، لە کاتێکدا چەندین حاڵەتی توندوتیژی دژ بە پیاوانیش لە هەرێم هەبوون و تۆمار کراون.

لە بەرامبەر ئەمەدا بەشێک لە رێکخراوەکانی ژنان پێیان وایە نا تێگەیشتن بۆ ماددە و بڕگەکانی پرۆژەکە دروستبوە و لەو بارەیەوە شۆخان ئەحمەد سەرۆکی رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان لە لیدوانێکدا بە شارپرێسی راگەیاند بە داخەوەلە نێو هۆڵی پەرلەمان ئەوەمان بێنی کە بەشێک لە پەرلەمانتاران ئەسڵەن پرۆژەکەیان نەخوێندۆتەوەو لێشی تێنەگەشتوون.

بەشێک لە چاودێرانی سیاسیش قسەی جدیان لە بارەی کاتی پێشکەشکردنی پرۆژەکەوە هەیە و دەڵێن لە کاتێکدا کە هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان خەریکی پرۆژەی سیاسی هاوبەش و بابەتی نوسینی دەستور و چەند بابەتیکی سیاسی هەستیارن، دەیانەوێت چاوی خەڵک و ڕای گشتی بخەنە سەر ئەو بابەتە و میدیا و خەڵکیش بە بەشێک لە خاڵەکانی ناو هەمواری یاسایەکەوە خەریک بکەن کە هەر کاتێکی تریش بوایە ئەوە دەکرا ئەو کارە بکرێت.