یەکێتى دامەزراوەیەک بۆ مام جەلال دروست دەکات

کوردستان

26/09/2022‌ 715 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

 یەکێتى نیشتیمانى کوردستان دامەزراوەیەک بەناوی (دامەزراوەى جەلال تاڵەبانی) دامەزراندو یەکێک لە ئاوەڵزاوەکانى تاڵەبانیش کراوەتە سەرۆکى دامەزراوە کە بڕیارە لە ساڵیادی کۆچی دوایی تاڵەبانیدا دامەزراوەکە بکرێتەوە.

محەمەد سابیر کە ئاوەڵزاوای تاڵەبانى کۆچکردوە سەرۆکى دامەزراوەکەیەو دەڵێت"تەواوی کارەکانی دامەزراوەکە و رێوشوێنە یاساییەکانی تەواوبوون و مۆڵەتی رەسمی لەحکومەتی عیراق و ھەرێمی کوردستانەوە بۆ وەرگیراوە، تەواوی کارەکانی دامەزراوەکە لەرووی یاساییەوە تەواو بووە و بڕیارە ٢٨-٩-٢٠٢٢ لە پرێس کۆنفرانسێکی تایبەت دا دامەزراندنی ( دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی ) رابگەیەنین".

هەروەها موحەمەد سابیر روونیکردوەتەوە نزیکەی ٤-٥ مانگە کار لەسەر دامەزراندنی دامەزراوەکە کراوە و ئێستا کارەکان تەواوبوون و پەیرەوی ناوخۆیی ئامادەکراوەو بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆیی دامەزراوەکە، دامەزراوەکە  ناحکومی سەربەخۆی قازانج نەویست و بێلایەنە، دامەزراوەیەکی کلتوری و مرڤایەتی و نیشتمانییە و کار دەکات بۆ ناساندن و پاراستن و ئەرشیفکردنی ژیان و خەباتی جەلال تاڵەبانی.

سەرۆکى دامەزراوەى جەلال تاڵەبانى دەشڵێت"نکەی سەرەکی دامەزراوەکە سلێمانییە و دەتوانێت لەسەرجەم شارەکانی دیکەی عیراق و دەرەوەی وڵات بنکە بکاتەوە و بوارەکانی کارکردنیش (رۆشنبیری، گەشەپێدان، پەرەپێدان) دەبێت، ئامانجەکانی دامەزراوەکە بریتییە لە پاراستن و کۆکردنەوەی ئەرشیفی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، وەک ئەرشیفێکی نەتەوەیی و نیشتمانی، پەرەپێدانی بواری روناکبیریی و توێژینەوەی ئەکادیمی لەسەر فیکر و ژیان و سیاسیەتی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، ھەروەھا گەشەپێدانی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان و یەکسانی جێندەری لە کۆمەڵەی کوردستانی و عیراقی دا، لەگەڵ گەشەپێدانی بەھا مرۆییەکان لە بواریی جێدەریی و کلتوری پێکەوەژیان".

هەروەها راشیگەیاندوە، سەرچاوەی دارایی دامەزراوەکە، لە سێ رێگەوە دەبێت کە لە پەیرەوەکەدا ئاماژەی پێدراوە کە ( ئەو کۆمەک و بەخشش و دیاریی و منحانەوەیە کە لەلایەن کەسان و کەرتی تایبەت و لایەنانی ناوخۆ و بیانیەوە پێشکەش دەکرێن) و سەچاوەی دووەمیان بریتیە لە (پشکی دامەزراوە لە پارەی بودجەی تەرخانکراوی ھەرێم و ھەر بەخشش و یارمەتیەکی دیکە بێت کە لەلایەن حکومەتەوە بۆ پشتگیریی پرۆژەکانی رێکخراوەکان پێشکەش دەکرێن)، سەرچاوەیەکی دیکەش ( ھەردەستکەوتێکی دیکەیە کە دامەزراوەکە لە رێگەی وەبەرھێنەکانی خۆی و قازانجی چالاکییەکانیەوە بەدەستی دەھێنێت).