ئاسایشی سلێمانی شکست بە پیلانێک دەهێنێت و دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر دەكات

کوردستان

26/09/2022‌ 460 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، لە دوو چالاکی جیادا دەستبەسەر بڕی ( ١٣٩ ) کگم ماددەی هۆشبەری جۆری کریستاڵدا گیرا و دوو بازرگان دەستگیركران كە بە نیازبوون مادەكان ببەنە دەرەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەی ئاسایشی سلێمانیدا هاتووە: بەسەرپەرشتی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە چوارچێوەی هەڵمەتی دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و ڕێگری کردن لە بڵاوبونەوەی هەر جۆرە ماددەیەکی هۆشبەر کە زیان بە ئابوری هەرێم دەگەیەنێت و کاریگەری خراپ لەسەر کۆمەڵگە دروست دەکات، هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی لە دوو چالاکیدا دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەردا گرت . 

وەك لە ڕاگەیەندراوەكەدا خراوەتەڕوو،لە چالاکی یەکەمدا، دوای لێکۆڵینەوەی وورد و بەدواداچوون و چاودێری کردن هێزەکانی ئاسایش بە فەرمانی دادوەر لە ڕۆژی 9ی مانگ دەست بەسەر بڕی دوو کگم ماددەی کریستاڵدا گیرا و تۆمەتبارێکیش بەناوی ( ک ک ر ) دەستگیرکرا ، تۆمەتبار لە دایکبوی ١٩٧٦ ی شاری کەرکوک، ئەو ماددانە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان هێنرابوون.

هەروەها لە چالاکی دووەمدا: هێزەکانی ئاسایش پاش لێکۆڵینەوە وكۆكردنەوەی زانیاری ورد، لە ھەمان ڕۆژدا لەناو شاری سلێمانی لە ماڵێکدا دەستگیرا بەسەر بڕی  ١٣٧ کگم ماددەی کریستاڵ لە جۆری شل، کە لەناو دەبە شاردرابۆوە، تۆمەتباریکیش دەستگیر کرا بەڕەگەز کوردە و لەدایکبوی ١٩٩٤ی کەرکوک بە ناوی ( ع د ع ) ، تۆمەتبارەکان بەنیازبوون لەشاری سلێمانیەوە کریستاڵەکە  بگوازنەوە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان .

س.س