پارتی مۆڵەتێکى کورت دەداتە پێشمەرگەى پارتەکانی رۆژهەڵات و هەڕەشە دەکات

کوردستان

26/09/2022‌ 7487 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمشەو ئاگاداری داوەتە هێزەكانی رۆژهەڵات بەپەلە سنورەكانی باڵەكایەتی و برادۆست چۆڵ بکەن.

بەپێی چەند سەرچاوەیەکی ھەواڵی ھێزەکانی ڕۆژھەڵات لە سنوری ھەولێر و برادۆست و سۆران لە لایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە ئاگادار کراون بە زوویی ناوچەکە چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی نەبنە مەترسی لەسەر دانیشتوان و گوندنشینانی ناوچەکەو بنکەو بارەگاکانیان بگوازنەوە بۆ سەرکردایەتی حزبەکانیان لە کۆیەو سلێمانی.

شارپرێس زانیویەتی پارتی ھەڕەشەی ئەوەی کردوە کە ئەگەر ئەمشەو ناوچەکە چۆڵ نەکەن ئەوا بە ھێز پێیان چۆڵ دەکەن و دەبێت بەرپرسیارێتی ھەر دۆخێکی نەخوازراو و زەرەر و زیانیش بۆ گوندنشینان لە ئەستۆ بگرن.

هاوکات ھێزەکانی رۆژھەڵات لەگەڵ سەرکردایەتی حزبەکانیان لە گفتوگۆدان سەبارەت بە داواکەی پارتی و تا ئێستا بریاریان نەداوە بە چۆڵکردن یان مانەوە لە ناوچە سنورییەکان

لەدوای گیان لەدەستدانى ژینا ئەمینى ئەو کچە کوردەى شاری سەقز کە لە تاران بەدەستى هێزە ئەمنییەکان گیانى لەدەستدا زنجیرەیەک خۆپیشاندان شارەکانى رۆژهەڵات و ئێرانی گرتەوە، هاوکات لەگەڵ ئەو هێرشانە سوپای پاسداران ماوەى دوو رۆژە بە بەردەوامى بۆردومانى ناوچە سنورییەکانى برادۆست و سیدەکان دەکات کە لەو ناوچانە بنکەو بارەگاکانى پێشمەرگەى بەشێک لە پارتەکانى رۆژهەڵاتى لێیە.

س.هـ