پارتى و یەکێتى لەبەغدا واژوو لەسەر کارنامەى حکومەتى نوێی عێراق دەکەن

کوردستان

26/09/2022‌ 621 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای دەکات حیزبەکەی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداربوون لە نووسینەوەی کارنامەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و واژۆیان لەسەر کردووە. 
سۆران جەمال تاهیر، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە کەناڵی رووداوی راگەیاندوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداربوون لە نووسینەوەی کارنامەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و واژۆیان لەسەر کردووە.

لەبارەی ئەگەری گۆڕینی کاندیدی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، وتەبێژی یەکێتی جەختیکردوەتەوە کە یەکێتی سوورە لەسەر بەربژێری خۆی بۆ ئەو پۆستە، چونکە پۆستەکە بەرکەوتەی کوردە و لە کوردیش بەرکەوتەی یەکێتییە، لەوبارەشەوە قسەمان لەگەڵ هێز و لایەنە عێراقییەکان کردووە و لە ئاستی باڵاش لەگەڵ پارتی گفتوگۆمان کردووە. 

دسۆران جەمال تاهیر ئاماژەی بەوەش کردوە لە دوو مانگی رابردوودا، چەند کۆبوونەوەیەک لە ئاستی باڵا لەنێوان پارتی و یەکێتیدا کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووینەتە رێککەوتن و بەهیواین پێی بگەین.

هەروەها ناوبراو روونیکردوەتەوە، ئێستا زەمینەسازی هەیە بۆ دانیشتنی پەرلەمان، ئێمە و پارتیش جەختمان لەسەر کۆبوونەوەی پەرلەمان بوو، چونکە سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتیش لە رێگەی پەرلەمانەوە یەکلایی دەبێتەوە.

سۆران جەمال تاهیر دەشڵێت: لە دوای هەڵبژاردنی مانگی تشرینی دووەمی 2021، یەکێتی پێی باشبووە لەگەڵ پارتی و لایەنە کوردییەکان بە یەک شاند و بەرنامەی هاوبەشی هەبێت لە بەغدا، بەڵام بەداخەوە دۆخەکە بە ئاقارێکی دیکەدا برا، ئێستاش دەخوازین یەک وەرەقەی سیاسی هاوبەشمان هەبێت.

س.هـ