دادگای فیدڕاڵی چارەنووسی 200 ملیار دینارەکەی هەرێم یەکلادەکاتەوە

عیراق

04/10/2022‌ 561 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەدوای بڕیارێکی دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە دواخستنی دانیشتنی پەیوەست بە یاساییبوون و نایاساییبوونی ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێم و بانگهێشتکردنی نوێنەری وەزارەتی دارایی هەرێم ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەئێستادا چارەنووسی ئەو پارەیە بە نادیاریی ماوەتەوە.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەمیانی لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو 200 ملیار دینارە لە یاسای بودجەدا نییە و بەپێی یاساش پێویستە حکومەت بەبێ نەبوونی یاسا پارە نەنێرێت و ئەم سکاڵایەش هەر لە ئەوەوە سەرچاوەی گرتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، راستە 200 ملیارە لە یاسادا جێی نەکراوەتەوە، بەڵام بەپێی یاسا حکومەتی عێراق دەبێت پابەندبێت بە پێدانی مووچەی 682 هەزار و 21 فەرمانبەری هەرێم کە پارەکەی لەو رێژەیە زۆر زیاتر دەکات.

 ئەندامەکەی لیژنەی دارایی باسی لەوەشکرد، حکومەتی عێراق کاتێک پابەند دەبێت بە ناردنی مووچەی ئەو فەرمانبەرانە کە هاوشێوەی فەرمانبەرانی خۆیان بە کارتی ئەلیکترۆنی لە هەرێمیش مووچە دابەش بکرێت و حکومەتی هەرێمیش ئەوەی قبوڵ نییە، بۆیە ئەم گرفتانە روودەدات و بەتەواوەتی نازاندرێت ئایا دادگای فیدڕاڵی ناردنی ئەو پارەیە رادەگرێت یاخود نا.