هەپەگە کوشتنی 10 سەربازی تورکیای ڕاگەیاند

کوردستان

05/10/2022‌ 250 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕایگەیاند، لە چالاكییەكانی گەریلاكانیاندا لە ناوچەكانی زاپ و خواكوركی باشووری كوردستان، 10 سەربازی توركیا كوژراون و سیانی دیكەش برینداربوون و سەنگەرێكیش خاپووركراوە.

رۆژی چوارشەممە ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی چالاكیی گەریلاكان لە ناوچەكانی زاپ و خواكوركی باشووری كوردستان بڵاوكردووەتەوە، كە ڕۆژانی سێ و چواری ئەم مانگە ئەنجامیانداوە.

هەپەگە ئاماژەى بەوە کردوە، لە 17 چالاكیی گەریلاكاندا، لانیكەم 10 سەربازی توركیا كوژراون و سێ سەربازی دیكەش برینداربوون. سەنگەرێكیش ڕووخێنرا.

لەبارەی هێرشەكانی سوپای توركیا هەپەگە ڕایگەیاندووە، كە سوپای توركیا 25 جار بە بۆمبی قەدەغە و چەكی كیمیایی، چوار جار بە فڕۆكەی جەنگیی، 29 جار بە هەلیكۆپتەری هێرشبەر و دەیان جاریش بە كاتیوشا، هاوەن و تانك ناوچەكانی بەرخۆدانی بۆردوومان و تۆپباران كردووە