وەزیری دارایی لێکۆڵینەوە لە کێشە داراییەکانى سلێمانی دەکات

کوردستان

06/10/2022‌ 588 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتى دارایی هەرێم بڵاویکردەوە، وەزیری دارایی و ئابووری بەدواداچون بۆ گرفتی ھاوڵاتیان و بازرگانانی سلێمانی دەکات لە ڕووی پێدانی باج و ئەو کێشانەی لە فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سەر بە وەزارەت ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکى وەزارەتى دارایی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێم، بە ئامادەبونی سیروان محەمەد، سەرۆکی ژوری بازرگانی سلێمانی، ھەریەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ و فەرمانگەکانی باجی خانوبەرەی یەک و دوو و خانوبەری میری و باجی کۆمپانیاکان و باجی داھاتی یەکی سلێمانی بەسەرکردەوە و لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئەو دامەزراوانە و بەرپرسی بەشە جیاجیاکانی ناو فەرمانگەکان کۆبوەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە کە وەزیرى دارایی بەدواداچونی کرد وە بۆ ھەموو ئەو کێشە و لەمپەرانەی بونەتە ئاستەنگ و بار بەسەرشانی ھاوڵاتیان بەگشتی و بازرگانان و خاوەن بارەکان و بەڕێوەچونی ئیشوکارەکانیان لە ڕێگەی دەروازە و بنکە گومرگییەکانی سنوری بەڕێوەبەرایەتییەکە.
هاوکات وەزیری دارایی بڕیاریداوە ھەموو کارئاسانیەک بکرێت لەپێناو زیاتربونی جوڵە بازرگانیەکان و بەسودی ھاوڵاتیان بەگشتی و کۆکردنەوەی داھات.
دواتریش وەزیری دارایی و ئابوری ھەریەک لە فەرمانگەی خانوبەرەی میری و باجی خانوبەرەی یەک و دووی سلێمانی و باجی کۆمپانیاکان و باجی داھاتی یەکی سلێمانی بەسەرکردەوە و لەكۆبونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەو فەرمانگانە سەرجەم تێبینی و گازندەی بەشێک لە ھاوڵاتیانی لەبارەی چۆنیەتی پێدانی باج خستەڕوو و فەرمانیشی کرد ھەموو خزمەتەکان بە پێی یاساو ڕێنماییەکان جێبەجێبکرێن و بەو ئاڕاستەیە بێت کە بارگرانی بۆ ھاوڵاتی دروست نەکرێت.
ھاوکات بەشێکی تر لە کۆبونەوەکان پەیوەست بوو بە کەمی میلاک و پێداچونەوە بە شێوازی ھەیکەلیەتی ئیداری و کارگێڕی ناو ئەو فەرمانگانە و شێوازی دابەشبونی پسپۆڕییەکان لە ناو ئەو دامەزراوە حکومییانە و بڕیاردرا لە ڕێگەی لیژنەی تایبەتەوە ڕێکخستنەوەیان بۆ بکرێت.