شارپرێس ـ كه‌نداڵ جودى:
تورکیا لەئێستادا بەشێک لەناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان‌و سوریای داگیرکردوە، لەم ڕێگەیەوە ڕێگەی بەگروپى تەحریر شام (بەرەى نوسرە)ی پێشوداوه کە بچێتە ناو عەفرین‌و کۆنترۆڵى شارەکە بکات، چەند سەرچاوەیەکیش باس لەوەدەکەن، تورکیا دەیەوێت گروپە چەکداریەکانى دیکە لەعەفرین نەهێڵێت‌و بۆ ئەوەش کارەکەى بەتەحریر شام سپاردوە.
لەبارەى ئەو گروپەش چەندین بۆچونى جیاواز هەیەو چاودێرانیش لێکدانەوەى جیاواز جیاوازیان لەبارەیەوە کردوە، نوری مەحمود وتەبێژی فەرمی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەدیدارێکى تایبەتى شارپرێس-دا باسى ئامانجى خۆیان وەک ھێزێکى سەربازیی کوردى دەکات‌و شرۆڤەى دۆخى ئێستاى عەفرین‌و جوڵەکانیان‌و هاوکات جوڵەى تەحریر شامیش دەکات.
لەدیدارەکەیدا لەگەڵ شارپرێس، وتەبێژى یەپەگە ئاماژە بەوەدەکات، ڕزگارکردنی عەفرین ئامانجی ستراتیژیانەو ده‌ڵێت:"ئاکەپەو مەهەپەو ئەردۆغان ڕێگەیانداوە قاعیدە (وەک ئاماژەیەک بۆ تەحریر شامى ئێستا‌و بەرەى نوسرەى پێشوو) بۆ لەناوبردنی کوردان بگه‌ڕێته‌وه بۆ عەفرین‌و ڕۆژئاواى کوردستان‌و تاکە هیواى خۆیشى بەم گروپە تیرۆریستیەدا هەڵچنیوە".
نورى مه‌حمود باس له‌وه‌شده‌كات، "ئەردۆغان پێیوایە لەماوەیەکی کورت‌دا بەهێزێکی ڕێکخراوى وەک قاعیدە هێرشدەکاتەسەر ڕۆژئاوا‌و باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا‌و ده‌توانێت ئەو ناوچانەی خۆبەڕێوەبەری (ژێر كۆنترۆڵى هه‌سه‌ده) داگیربکات، به‌ڵام هیچ گروپ‌و هێزێك ئه‌وه‌نده‌ى به‌ره‌ى نوسره‌و ته‌حریر شام ئێمه ناناسێت، چونكه ئه‌وه ته‌نها ئێمه‌ین له‌جیهان ئه‌م گروپه‌مان شكاندوه".
له‌باره‌ى لەڕزگارکردنی عەفرین کرد‌و وتی:"بێ‌شک ڕزگارکردنی عەفرین هەرگیز لەپلانەکانی ئێمە بەدەرنەبوە، بەواتایەکی تر ڕزگارکردنی عەفرین ئامانجی ستراتیژی ئێمەیە".
باسى له‌و هێزه‌ش كرد كه ئێستا له‌ژێر ناوى (هێزه‌كانى ڕزگاریى عه‌فرین) دژى توركیا‌و گروپه چه‌كداریه‌كانى ناو عه‌فرین خه‌باتده‌كه‌ن ، ئه‌و جه‌ختیكرده‌وه، "هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین سەر بەهەسەدە نین، ئەوان هێزێکی شۆڕشگێڕن‌و لەخەڵکی عەفرین پێكهاتون".
ڕه‌خنه‌ى توندیش له‌هاوپەیمانی نێودەوڵەتی‌و ناتۆ‌و ئەوروپاو جیهان ده‌گرێت‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئه‌وه‌ى پێویستبوو بیكه‌ن نه‌یانكردوه‌و بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردوه‌و له‌ئاستى پێویستدا نین، ئێستا كه به‌ره‌ى نوسره له‌وێیه، واته قاعیده‌و دایكى داعش‌و ئەبوبەکر بەغدادی‌و ئەبو ئیبراهیم قوڕه‌یشی لەوێیه، ئێستا به‌هەزاران چه‌كدارى داعش لەناو ئه‌و گروپه بونیان هه‌یه، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه دەوڵەتانی جیهان چاویان داخستوه‌و گوێكانیشیان گرتوه بۆ ئه‌وه‌ى نه‌بینن‌و نه‌بیستن".
ده‌قى دیداره‌كه:
شارپرێس: وه‌ك هێزێكى كاریگه‌رى ڕۆژئاواى كوردستان‌و ناوچه‌كه، خوێندنه‌وه‌تان بۆ دۆخى ئێستاى عه‌فرین‌و په‌ڕینه‌وه‌ى ته‌حریر شام بۆ ئه‌وشاره چییه، له‌كاتێكدا ئێوه شه‌ڕى سه‌ختتان له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپه ئه‌نجامداوه؟
نورى مەحمود: به‌ره‌ى نوسرە کە پێشتر به‌شێكى سه‌ره‌كى قاعیدە بوو له‌سوریاو ڕۆژئاواى كوردستان، ئه‌وكات جۆلانی ڕێبه‌رى ئێستاى گروپه‌كه لەناکۆکییەکی سه‌ختدا بوو لەگەڵ ئەیمەن زەواهیری سەبارەت بەقاعیدە لەئەفغانستان‌و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ته‌نانه‌ت سوریاش، لەئەنجامدا جۆلانی لەسوریاو عێراق خۆی بەقاعیدە ڕاگەیاند، خەسڵەتێکی دیکەی ئه‌و گروپه نوسرە كه ئێستا به‌ته‌حریر شام گه‌ڕاوه‌ته‌وه ئه‌وه‌یه، سەرەتا لەلایەن داعشەوە لەناو به‌ره‌ى نوسرە ڕێکخرابوو لەسەرەتای شەڕی سەرێکانیدا هێزەکانمان بۆیان دەرکەوت کە به‌ره‌ى نوسرە قاعیدەیەو بەڤیدیۆو بەڵگەش ئاشكرامانكرد کە سه‌ر قاعیدەیه.
بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ پێشکەوتنی به‌ره‌ى نوسرە لەو ناوچانەدا چیدی پڕۆژەیەکی نەتەوەیی نییە بۆ سوریا، لەو ناوچە داگیرکراوانەی تورکیا به‌ره‌ى نوسرەى بڵاوكردۆته‌وه به‌واتاى بڵاوكردنه‌وه‌ى دوباره عەقڵییەتێکی توندوتیژ دێت، به‌واتاى بڵاوكردنه‌وه‌ى عەقڵییەتی تیرۆر دێت، ئه‌وه‌ى ئێستا هه‌یه، هه‌مان ئەو عەقڵییەتەیە کە موڵک‌و شەرەفی کۆمەڵگه دەقۆزێتەوە، وەک ئەوەی داعش کردویەتی‌و بەڕێوەیبردوه، واته له‌نێوان داعش‌و به‌ره‌ى نوسره‌ى كۆن‌و ته‌حریر شام هیچ جیاوازیه‌ك نییه.
شارپرێس: واته ده‌تانه‌وێت بڵێن، داعش له‌هه‌ناوى به‌ره‌ى نوسره‌ى كۆن‌و ته‌حریر شام-ى ئێستاوه له‌دایكبوه؟
نورى مه‌حمود: به‌دڵنیاییه‌وه، هەرچەندە به‌ره‌ى نوسرە كۆكراوه‌ى سه‌رجه‌م گروپه تیرۆریستى‌و جیهادیه‌كانه، بەڵام ده‌توانین بڵێین نوسره دایکی داعشه، گه‌یشتنى نوسره به شارى عه‌فرین، به‌ڕاستى نایشارینه‌وه، مەترسییەکی ئێجگار گەورەیە بۆ سەر کۆمەڵگه‌و مەترسییەکی گەورەشه بۆ سەر پڕۆژەی نەتەوەیی سوریا.
له‌هه‌موى مه‌ترسیدارتر ئه‌و فێڵه‌یه كه توركیا له‌كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كات، بۆ نمونه توركیاى ئه‌ندامى چالاكى ناتۆ، هاتوه هاوكاریی‌و ڕێخۆشكه‌رى بۆ قاعیده‌و دایكى داعش ده‌كات‌و ڕه‌وانه‌ى عه‌فرینى ده‌كات به‌ناوى كۆكردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م گروپه چه‌كداریه‌كان‌و ته‌واوى ئه‌وشاره ده‌خاته ژێر كۆنترۆڵیه‌وه.
كاتێكیش ئه‌ردۆغان هه‌وڵیدا له‌دیمه‌شق نزیكبێته‌وه، بینیمان له‌ناو هێزه‌كانى به‌ناو سوپاى نیشتمانى سوریا كه سه‌ر به‌توركیایه‌و پێكهاتوه له‌گروپه توندڕه‌وو تیرۆریستیه‌كان، ناڕه‌زایی بڵاوبۆوه‌و دژى ئه‌ردۆغان چه‌ندینجار خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانى ئه‌ردۆغانى لێكه‌وته‌و له‌به‌رامبه‌ردا بڕیاریداوه كۆتایی به‌و سوپایه‌و گروپه‌كانى دیكه بێنێت‌و به‌دیلى ئه‌وانیش له‌ئێستادا لاى ئاكپارتى‌و مه‌هه‌په، ته‌نها به‌ره‌ى نوسره‌ى كۆن‌و ته‌حریر شام-ى ئێستایه.
شارپرێس: واته وه‌ك یه‌په‌گه ده‌تانه‌وێت بڵێن، ته‌حریر شام به‌ڕه‌زامه‌ندى‌و گڵۆپى سه‌وزى ئه‌ردۆغان چۆته ناو عه‌فرینه‌وه؟
نورى مەحمود: بێگومان بەڕەزامەندی ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ئه‌وكاره كرا، چونكه حزبه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان بەپڕۆژەیەکی فاشیستی‌و شۆڤێنییانە سنورێکی گەورەتریان بۆ تورکیا دەوێت، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ به‌ره‌ى نوسرە لەناو کۆمەڵگەی سوریادا ڕێكه‌وتون بۆ داگیركاریى‌و په‌لاماردانى زیاتر.
شارپرێس: دوو بۆچون هه‌یه له‌باره‌ى ته‌حریر شامه‌وه له‌عه‌فرین، یه‌كه‌میان ده‌ڵێت، ته‌حریر شام لەعەفرین بۆ خەڵکی عەفرین باشترە لەو گروپه چه‌كداریانه‌ى پێشتر لەوێ بون، دوه‌میش ده‌ڵێت، مه‌ترسیه‌كانى ئه‌و گروپه زۆر له‌وانه‌ى پێشوو زیاتره، ئێوه وه‌ك یه‌په‌گه چى ده‌ڵێن؟
نورى مەحمود: ئه‌و پڕوپاگەندەیەى باس له‌وه‌ده‌كات ته‌حریر شام كه ببورن من هه‌ر به‌به‌ره‌ى نوسره ناویان ده‌به‌م، بۆ خه‌ڵكى ناوچه‌كه باشترن، ئه‌وه دوره له‌ڕاستیه‌و هیچ كام له‌و گروپانه‌ى له‌وێ بون‌و ئێستاش له‌وێن باش نین، هه‌موو کۆمەڵگەی سوریا به‌کوردو عەرەب‌و مەسیحی دەزانن به‌ره‌ى نوسرە چییە، نوسرە کۆمەڵێک تاڵانچین، بۆیە مەحاڵە به‌ره‌ى نوسرە بەگوێره‌ى ویستى کۆمەڵگه هیچ کارێک بکات، بەپێچەوانەوە ئەم گروپە بۆ کۆیلایەتی کۆمەڵگه‌و دژی دیموکراسییە.
دواتر ده‌مه‌وێت ئه‌و ڕوداوه‌ش ئاشكرابكه‌م، ساڵى 2012 لەسەرێکانی، نوسرە چوه سه‌رێكانى‌و هه‌وڵیده‌دا به‌هاوكاریى توركیا داگیرى بكات، له‌وكاته‌دا ژماره‌یه‌ك به‌رپرس‌و سه‌ركرده‌ى ئه‌نجومه‌نى نیشتمانى كوردى سوریا (ئه‌نه‌كه‌سه ـ نزیك له‌پارتى دیمو‌كراتى كوردستان) چون به‌ره‌و پێشوازیان‌و ئاڵاى كوردستانیان به‌دیاریى بۆ بردن، به‌ڵام ئه‌وان ڕه‌تیانكرده‌وه‌و ناسنامەی کوردیان قبوڵنەکرد، ئاڵاكه‌ى كوردستانیان فڕێدایه سه‌ر زه‌وى هیچ ڕێزێكیشیان له‌شانده‌كه‌ى ئه‌نه‌سه‌كه نه‌گرت، ئه‌وانیش ناچاربون بگه‌ڕێنه‌وه.
هه‌ربۆیه ده‌مه‌وێت هه‌موان ئه‌و ڕاستیه بزانن، هیچ شتێک نییە کە به‌ره‌ى نوسرە بتوانێت بیکات بۆ خەڵک، ئامانجی ئامادەبونی ئه‌و گروپه‌ش لەو ناوچانەی داگیرکراون ئەوەیە کە دەسەڵاتی خۆیان زیادبکەن‌و لەبەرژەوەندی ئاکەپە - مەهەپە بەکاریبهێنن وەک دەردەکەوێت لەمبارەیەوە ڕێکەوتنێک لەنێوان جۆلانی‌و ئەردۆغاندا كراوه.
شارپرێس: لەسەر هەمان ئه‌و پرس‌و مه‌ترسیانه‌ى ئاماژه‌ت پێكردن، بونى ته‌حریر شام یان وه‌ك خۆتان ده‌ڵێن به‌ره‌ى نوسره له‌عه‌فرین، مەترسییەکی گەورە نییە بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان؟
نورى مەحمود: تۆ دەزانیت کە پێشتر گروپە چەتەکان لەو هەرێمە لەلایەن هێزەکانی ڕزگاری عەفرینەوە گورزی زۆریان لێدراوه‌و لەڕاستیدا ئێستا ئه‌و گروپانه تێکشکاون‌و تواناى هیچ خۆڕێكخستنه‌وه‌یه‌كیشیان نه‌ماوه، بۆ ئەو مەبەستەش ئێستا تورکیا به‌سه‌رۆكایه‌تى ئاکەپەو مەهەپەو به‌پیلان‌و به‌رنامه‌ڕێژى ئه‌ردۆغان، ده‌یانه‌وێت لەگەڵ قاعیدە هێزێکی گەورەو ڕێکخراو لەعەفرین دروستبکه‌ن‌و له‌وێوه سه‌ره‌تایه‌كى نوێ بۆ شه‌ڕو كوشتار ده‌ستپێبكه‌ن.
له‌و ڕوه‌شه‌وه ئاکەپە - مەهەپەو ئەردۆغان لەو باوەڕەدان کە ئەم جەبهەی نوسرەیه وەک گروپێک سەرهەڵدەدات‌و ئەم گروپە بەیەک فەرمان کاردەکەن‌و وه‌ك ئه‌وانى دیكه په‌رته‌وازه نین‌و یه‌ك فه‌رمانده‌و بیروباوه‌ڕیشیان هه‌یه، بۆیه پێیانوایه فریادڕه‌سى توركیا‌و ئه‌ردۆغان له‌ئێستا ته‌نها به‌ره‌ى نوسره‌یه، بۆ ئه‌وه‌ش ئاماده‌كاریی ده‌كه‌ن، دواى كۆنترۆڵى ته‌واوه‌تى عه‌فرین، بەدڵنیاییەوە هێرشده‌كاته‌سه‌ر ڕۆژئاوای کوردستان‌و باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریاش.
شارپرێس: ئه‌مه به‌واتاى ئه‌وه دێت توركیا‌و گروپه توندڕه‌وو تیرۆریستیه‌كان خۆیان ڕێكده‌خه‌نه‌وه له‌سوریا بۆ په‌لاماردانى ڕۆژئاواى كوردستان له‌عه‌فرینه‌وه؟
نورى مه‌حمود: به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌وه ڕاسته، ئێمه خوێندنه‌وه‌ى ورد‌و جدیمان بۆ ڕوداوو گۆڕانكاریه‌كان هه‌یه، ئێستا پلانى سه‌ره‌تا دروستکردنی هێزێکی یەکگرتوە له‌قاعیدە واته (نوسرەو پاشماوەکانی داعش) بۆ هێرشکردنەسەر هەرێمەکانمان، دەزانین کە سەرۆکی تورکیا چوە ئیسرائیل‌و ئێران‌و ناتۆ‌و هیندستان‌و نەتەوەیەکگرتوەکانیش، ئامانجى ئه‌وه‌بوو ئۆكه‌ى وه‌ربگرێت بۆ په‌لاماردانى ڕۆژئاواى كوردستان، بەڵام ئەردۆغان لەهەموو شوێنەکانەوە بێئه‌نجام‌و بێهیوا گەڕایەوە وڵاته‌كه‌ى، هه‌ربۆیه‌ش له‌كاردانه‌وه‌ى ئه‌و ڕێگریانه‌ى بۆى دروستكرا، هات‌و به‌ره‌ى نوسره‌ى هه‌ڵدایه عه‌فرین‌و له‌گه‌ڵ جۆلانى ڕێبه‌رى گروپه‌كه ڕێكه‌وتنێكى كردوه.
شارپرێس: باس له‌وه‌ده‌كرێت دوای سه‌ردانى هاکان فیدان بەرپرسی میتى توركیا بۆ دیمەشق، تەحریر شام چۆته ناو عەفرینەوە، ئەگەر دیمەشق‌و له‌سه‌ر ئه‌و ڕێكه‌وتبن، ئەمە چ مەترسییەکی دەبێت بۆ ناوچە خۆبەڕێوەبەریەکان؟
نورى مەحمود: ئەمجارە لەعەفرین سیناریۆی زۆر هەیە، دەڵێن ئەمە ڕێککەوتنێکە لەنێوان ئەردۆغان‌و ڕوسیادا، ئەم ڕێککەوتنەش ئەوەیە کە پەرەسەندنی به‌ره‌ى نوسرە لەو ناوچانە شەرعییەتی داوە بەڕوسیا بۆ چونە ئەو ناوچانە، چونکە به‌ره‌ى نوسرە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لەوێیەو ئەمەش هەموو جیهانی کۆکردۆتەوە کە ڕێگە بەڕوسیا دەدات دەستوەربدات لەو ناوچەیە، ئەردۆغان بەم سیناریۆیەوە هەوڵدەدات ڕوسیا فریوبدات.
لەسەر ئەم بنەمایە لێدوانەکانی ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا‌و بەرپرسانی ئاکەپەو مەهەپە هەموی لەو چوارچێوەیەدان کە "با دەسەڵاتی دیمەشق بچێتە ناو ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا‌و لەئیدارەی خۆبەڕێوەبەری‌و هەسەدە پاکیبکەنەوە".
لەلایەکی دیکەوە بێگومان ئەردۆغان باش ئه‌وه ده‌زانێت ئه‌گه‌رچى به‌ره‌ى نوسرە هێزێکی ڕێکخراوە، به‌ڵام ئایدیۆلۆژیایەکی توندڕەوى هه‌یه، به‌ڵام نایه‌وێت له‌هیچ نزیكبونه‌وه‌یه‌كى له‌سوریا سه‌رئێشه‌ى بۆ دروستبێت، لەسەر ئەم بنەمایە هێزێکی ڕێکخراو دروستدەکات‌و پێیوایە بەمزوانە بەهێزێکی ڕێکخراوى وەک قاعیدە ده‌توانێت هێرشبكاته‌سه‌ر ڕۆژئاوا‌و باکورى ڕۆژهه‌ڵاتى سوریا.
دواتر ئەردۆغان دژایەتی ڕوسیا دەکات‌و داوای ڕوخاندنی دیمەشق دەکات، لەو چوارچێوەیەدا تەحریر شام (به‌ره‌ى نوسرە)ى دروستکردو ئەردۆغانیش پێشتر ناوی ئه‌و گروپه‌ى بەسوپای (محەمەد) ده‌هێنا کە بێگومان كار‌و كرده‌وه‌كانى ئه‌و گروپه هیچ پەیوەندیەکی بەحەزرەتی محەمەدەوە نییە.
هاوكات ڕوسیاش پێیوایە ئەگەر هەڕەشەیەک له‌و گروپه بكرێت واتاى ئه‌وه‌یه له‌توركیا كراوه، ئەوا ئەم هەڕەشەیە ڕێگە بەئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەدات بچێتە دیمەشق لەسەر ئەم بنەمایە هەردوو (ڕوسیا‌و تورکیا) لەدوو پلاندان بۆ ئەوەی یەکتر فریو بدەن کە کام لایەنە دەتوانێت دەرفەت بۆ سەلماندنی بونی خۆی بەکاربهێنێت.
ئەردۆغان لەمکاتەدا لەئاڵۆزییەکی سیاسی‌و دیپلۆماسی زۆر گەورەدایەو لەئاڵۆزییەکی سەربازی زۆر گەورەدایە، واتە دەوڵەتێکی وەک تورکیا کە پێشکەوتوترین تەکنیکه له‌ئاستى دونیادا، لەناوچە داگیرکراوەکانى ڕۆژئاواى كوردستان جگه له‌کوشتن‌و تاڵانی‌و تیرۆر هیچ شتێكى دیكه بونى نیه‌و ئەردۆغانیش ناتوانێت ئەو ناوچانەی داگیریكردون بەڕێوەیان ببات، بۆ ئەو مەبەستەش دەڵێت، دەتوانێت ئەو ناوچانەی خۆبەڕێوەبەری (ڕۆژئاواى كوردستان ) لەگەڵ به‌ره‌ى نوسرە داگیربکات‌و پاشان سوپایەک لەدژی ڕ‌ژێمى سوریا دروستبکات.
شارپرێس: به‌دیوێكى دیكه‌دا قسه‌كانى ئێوه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، توركیا ساڵانێكى دورودرێژ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى فریو ده‌دات؟
نورى مه‌حمود: به‌ڵێ دروست وایه، به‌ڵام بۆ ئێستاى دۆخى سوریا، پێویسته ڕوسیا بزانێت کە ئەردۆغان لەساڵی 2011وە ناتۆ‌و یەکێتی ئەوروپا فریو دەدات‌و گەورەترین هەڕەشەی بۆ سەر ئەوروپا له‌توركیا دروستده‌كرێت، ناتۆ‌و یەکێتی ئەوروپاش بەمدواییانە باوەڕیان بەپلانەکانی ئەردۆغان نەکردوە، چونکە وه‌كو باسیانكردوه، هەرکاتێک پشتگیریی پلانەکانى ئەردۆغانیان كردبێت، شکستیانهێناوه.
ئێستا ئەردۆغان دەیەوێت ئەم پلانانە لەگەڵ ڕوسیادا دروستبکات، چونکە ناتۆ ئیتر باوەڕی بەئەردۆغان نییە هەرچۆنێک بێت ئەگەر شتێکی لەمشێوەیە ڕوبدات من لەو باوەڕەدام کە گرژییەکە زیاتر دەبێت‌و به‌ره‌ى نوسرە بەشێوەیەکی نوێ سەرهەڵدەداته‌وه‌و هیچ سودێکى بۆ هیچ کۆمەڵگه‌یه‌ك‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ناوچەکەدا نابێت، واتە نە ڕوسیا‌و نە ناتۆ‌و نە حکومەتی دیمەشقیش، بەپێچەوانەوە هه‌موان زیانى گه‌وره‌یان پێده‌گات.
شارپرێس: له‌و ڕوه‌وه ده‌تانه‌وێت چى به‌كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى‌و به‌ره‌ى نوسره (ته‌حریر شام) بڵێن؟
نورى مه‌حمود: پێویستە ڕوسیا‌و جیهان بزانن کە هێزەکانمان ئەوانە بون سەرەتا شەڕیان دژی قاعیدە کرد‌و دواتریش هیچ هێزێك ئه‌وه‌نده‌ى به‌ره‌ى نوسره باش ئێمه ناناسێت، باشیان بیره كه ئێمە کێین‌و چۆن بەرامبەریان بردمانەوە، کەواتە ئەوان دەبێت ئەمە ببینن سەرەڕای ئەوەش شەڕی سەرێکانی‌و عەفرین‌و گرێ سپی ئەزمونێکی پێداین‌و ئێمە ئێستا بەو شێوەیە نین‌و جیاوازین، ئێمە ئێستا هێزێکین پشت بەخۆمان‌و کۆمەڵگاکەمان دەبەستین، لەپشتمانەوەو شەڕی شۆڕشگێڕیی گەل بەڕێوەدەبەین.
شارپرێس: وەک یەپەگە کە هێزێکی سەرەکی ناو هەسەدەن، بەبەردەوامی ڕاتانگەیاندوە، به‌ته‌نها هەر هەرێمەکانتان ناپارێزن، بەڵکو ناوچە داگیرکراوەکانیش ئازاد دەکەن، لەقەیرانی ئێستای عەفریندا، ئایا هیچ پلان‌و ئامادەکارییەکتان هەیە بۆ ڕزگارکردنی عەفرین؟
نورى مەحمود: بێ‌شک ڕزگارکردنی عەفرین هەرگیز لەپلانەکانی ئێمە بەدەرنەبوەو نابێت، بەواتایەکی تر ڕزگارکردنی عەفرین ئامانجێکی ستراتیژییە، لەلایەکی دیکەوە هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین لەناو عەفریندان‌و تائێستا عەفرینیان بەجێنەهێشتوە، بەڵام وەک دەزانن سوپای تورکیا بەتەکنیکی ناتۆ‌و هەروەها دەرفەتەکانی ئەوروپا لەوێیە.
دەسەڵاتی ئەردۆغان‌و ئاکەپەو مەهەپە لەتورکیاو گەلانی تورکیا‌و گەلانی سوریا‌و ئەوروپا بەهۆی ئەوەی جوگرافیای تورکیا جوگرافیایەکی زۆر ستراتیژیە، پێشکەوتوترین تەکنیک لەدەستی ئەردۆغاندایه، بەڵام عەقڵیەتێکی فاشیستی‌و توندوتیژەو خەڵکی تورکیاش تاڕادەیەکی زۆر لەوە تێگەیشتون‌و ئەردۆغانیش دەزانێت لەهەڵبژاردنەکاندا چی بەسەردێت، بەڵام ئێستا لەسەر ئەرزی واقیع ئەردۆغان تەکنیکی ناتۆ‌و تەکنیکەکانی ئێس-300 و ئێس-400ی ڕوسی به‌كاردێنێت، به‌ڵام سه‌ربارى هه‌موو ئه‌وانه، بەرخۆدانی گه‌لى عەفرین لەعەفرین بەردەوامەو ئەو بەرخۆدانە نەوەستاوە، ئێمه‌ش وه‌ك یه‌په‌گه ئامانجمان ڕزگارکردنی خاکی سوریا‌و شارە کوردییەکانە.
شارپرێس: وه‌ڵامه‌كه زۆر ڕون نه‌بوو، ببورە کە ڕاتدەگرم، بەڵام دەتانەوێت بڵێن ئێستا ناتوانن عه‌فرین ڕزگاربکەن؟
نورى مەحمود: لەبەرئەوەی ڕژێمی ئاکەپە – مەهەپە کە تورکیا‌و دامەزراوەکانی داگیرکردوەو تائێستا ئەوروپاو ناتۆی فریوداوەو ئێستا دەیەوێت ڕوسیاش فریو بدات، لەگەڵ پێشکەوتوترین دەرفەتدا لەوێ دەجەنگێت‌و هیچ پێوەرێکی نێودەوڵەتی شەڕ به‌كارناهێنن، ئەمەش بەو مانایە دێت کە ئەردۆغان دەیەوێت دەسەڵات بگرێتەدەست‌و کەس ناتوانێت لەدەرەوەی دەسەڵاتەکەی بژیت بەپێچەوانەوە هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین‌و هێزەکانمان‌و گەلەکەمان بەگشتی شەڕی شۆڕشگێڕانه دەکەن‌و بۆ شەرەف‌و ئازادی تێدەکۆشن‌و لەم شەڕەشدا تاڕادەیەکی زۆر سوپایەکی وەک سوپای تورک تێکشکێنراوە.
شارپرێس: بەڕێز مەحمود سەبارەت بەپرسی هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین، لەمیدیاکانی تورکیا‌و خودی دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن، ئه‌و هێزە سەر بەهەسەدەیه، ئایا دەمانەوێت بزانین کە ڕاسته سه‌ر به‌هه‌سه‌ده‌یه؟
نورى مەحمود: هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین سەر بەهەسەدە نین، هێزێکی شۆڕشگێڕەو لەخەڵکی عەفرین دروستبوەو لەوێ بەرخۆدان دەکات، تائێستاش پەیوەندیی بەهەسەدەوە نەکردوە، هەسەدەش داواى لێ‌ناکات، بەڵکو هێزێکی کۆمەڵگەی عەفرینەو دەیەوێت بچێتە ناو زەیتون‌و گوندەکانى عەفرینه‌وه، ئه‌وان هێزى بەرخۆدانی گەلی عەفرینن.
شارپرێس: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کە چەندین دەوڵەتی جیهانی لەخۆگرتوەو ئەو دەوڵەتانەش به‌ره‌ى نوسره (ته‌حریر شام)یان خستۆتە لیستی تیرۆرەوە، بۆچى تائێستا هیچ هەڵوێستێکیان نیشان نەداوە له‌باره‌ى بونى ئه‌و گروپه له‌عه‌فرین؟
نورى مەحمود: بەڕاستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی‌و ناتۆ بەگشتی‌و ئەوروپاو هەموو جیهانیش هێشتا ئه‌وه‌ى پێویست بوو بیكه‌ن، بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردوه‌و له‌ئاستى پێویستدا نین، ئێستا كه به‌ره‌ى نوسره له‌وێیه، واته قاعیده‌و دایكى داعش‌و ئەبو بەکر بەغدادی‌و ئەبو ئیبراهیم قوڕه‌یشی لەوێیه، هه‌ر ئێستا به‌هەزاران چه‌كدارى داعش لەناو ئه‌و گروپه بونیان هه‌یه، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه دەوڵەتانی جیهان چاویان داخستوه‌و گوێكانیشیان گرتوه بۆ ئه‌وه‌ى نه‌بینن‌و نه‌بیستن.
ئێستا ئەو ڕاستییە ببینە کە ئەردۆغان شتێکە، تورکیا شتێکی ترە، ئەردۆغان فاشیست‌و توندوتیژە، تورکیا پێویستی بەسیستمێکی دیموکراتی‌و دراوسێیەکی باشی ڕۆژئاوای كوردستان‌و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەیە، به‌ڵام تا ئه‌ردۆغان بونى هه‌بێت له‌و وڵاته ئه‌م ئامانجه به‌دینایه‌ت.
شارپرێس: لەکۆتایدا بەناوی ده‌زگاى میدیاریی شارپرێسەوە سوپاس بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته.
نورى مەحمود: سوپاس بۆ ئێوەش بەخێربێن شارپرێس.
ش.هـ